مستەفا دۆلەمەری – مێرگەسۆر:
بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، بە زاری کرمانجی راگەیاند:” هۆکاری ئەو قوتابخانانەی ئاستی زانستیان بەرەو پێش نەچووە دەگەڕێتەوە بۆ مامۆستای پسپۆڕ واتە هەندێک قوتابخانە مامۆستای پسپۆڕیان نیە وەکو ئەو گوندانەی کە دوورە دەستن گوند هەیە دوو مامۆستای لێیە واتە دوو پسپۆڕن و تەواوی بابەتەکان تەنها دوو مامۆستا دەیڵێنەوە.
ئەحمەد محەمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، دەشڵێ: پێمان باشە گوندە دوورە دەستەکان هۆیەکانی گواستەوە بۆیان دابین بکرێن بۆ ئەوەی ئەو گرفتە نەمێنێت، هۆکارێکی دیکەش بینایەی قوتابخانەکانە کە بەشێکیان بەپێی پێویست نین و ٢٢ قوتابخانەمان سەرخۆڵ و کابینەن و پێویستە بینایەیان بۆ دروست بکرێت و چەندین جار داواکاریشمان بەرز کردۆتەوە بۆ لایەنەکانی پەیوەندیدار و بەڕاستی پێویستیان بە بینایە هەیە، بەپێی ئەو پلانەی کە ئێمە دامان ناوە بۆ ساڵی نوێی خوێندن، تاوەکو ئێستا ٥٢ قوتابخانە لە سنووری پەروەردەی مێرگەسۆر پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.