زاری كرمانجی- سۆران:
هونەرمەند بێوار عزەت لە نوێترین کاری هونەری خۆیدا، بەرهەمێکی نوێی بە ناوی (گوندێ مە) بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ لە دەڤەری بارزان تۆمار کرد.
گۆرانییەکە لە تێکستی سالار فایز و ئاوازی ئیڤان عادلە و لەگەڵ ستافێکی پڕۆفیشناڵ کاری وێنەگرتنی بۆ ئەو بەرهەمە هونەرییە کردووە.
بێوار عزەت، راگەیاند، گۆرانییە نوێیەکەی پێشکەش بە خەبات و بەرخۆدانی نیوسەدەی پێشمەرگە و رابەری گەلەمان سەرۆک بارزانی دەکات، کە تەمەنی خۆی پێشکەش بە دۆزی گەلی کورد کردووە، “وەک وەفایەک بۆ ئەو سەرکردە مەزنە، گۆرانییەکەم بە ناوی گوندێ مە کرد، کە لەنێو شاخ و کێو و رووبارە جوانەکانی دەڤەری بارزان بە کوالێتیەکی بەرزەوە وێنەم گرتووە”.
گوتیشی: “لە ئاییندەیەکی نزیکدا لە کەناڵە ئاسمانی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوی دەکەمەوە، ئەمەش بچووکترین کاری منە وەک هونەرمەندێک لە پای خزمەتی ئەو سەرکردە مەزنە پێشکەشی بکەم”.
بێوار عزەت، بە گۆرانی وەرە قوربان توانی خۆی بخزێنێته نێو دڵی هونەردۆستانی کوردستان و تا ئێستاش 20 کلیپی جیاوازی بڵاوکردووەتەوە و لە رێگەی ستایلە جیاوازەکەی و گۆرانییەکانی هەوادارێکی زۆری لەخۆ کۆکردووەتەوە.