د.ئازا – زاری کرمانجی:
یانەی مانچستەر یونایتد بووە بە “خەونێکی گەورە” بۆ کۆمپانیا دەوڵەمەندەکانی جیهان کە بیکڕنەوە و ببن بە خاوەنی، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بنەماڵەی کلایزەر خاوەنەکانی ئێستای یانەکە چەند مانگێک لەمەوبەر خواستی خۆیان بۆ فرۆشتنی یانەی مانچستەر ئاشکرا کرد.
یانەی مانچستەر یونایتدی بەریتانی لە هاوینی ئەمساڵەوە بووەتە بابەتی گەرمی ڕاگەیاندنەکان لەسەرئەوەی کێ دەتوانێت ئەم یانەیە بکڕێتەوە؟
ماوەیەک بەر لە ئێستا چەندین کۆمپانیا و بازرگان خواستی خۆیان نیشان داوە لە کڕینەوەی ئەم یانە یەکێ لەوانە ملیاردێری بەریتانی جیم ڕاتکلیف بە فەرمی بایەخی خۆی ڕاگەیاند لە کڕینەوەی پشکەکانی یانەکە.
و هەروەها وەبەرهێنانی وەرزشی وڵاتی قەتەر پێشنیاری کڕینی یانەی مانچستەر یونایتد دەکات.
ئەم وڵاتە لە پلانی دا هەیە لە داهاتوو وەبەرهێنانی لە سێکتەری وەرزشی زیاتر بکات.
جێگای ئاماژە پێدانە بەم نرخەی بنەماڵەی کلایزەر داوای دەکات کە زیاترە لە ٧ ملیار دۆلار، هەر لایەنێک بکڕێتەوە دەبێت بە گرانترین ڕێککەوتنی بازرگانی لە کڕینی یانەی وەرزشی لە جیهان دا.
مانچستەر یونایتد یانەیەکی بەڕیتانی یاری تۆپی پێیە لە ساڵی ١٨٧٨ لە شاری مانچستر دامەزراوە لە لایەن کۆمەڵێک لە کرێکارانی هێڵی ئاسنین، لە سەرەتا ناوی یانە نیوتن هیس بووە دواتر ناوی گۆڕاوە بۆ یانەی مانچستر یونایتد، یانەکە یاریەکانی لە یاریگەی ئۆڵد تڕافۆرد ئەنجام دەدات، ئەم یانە ناوبانگێکی گەورەی هەیە لە جیهان و جەماوەر و هاندەری زۆری لە خۆی کۆکردۆتەوە.
لە مێژووی یانەی مانچستر یونایتد چەند ڕووداوێکی تراژیدی و ناخهەژێن بوونیان هەیە لەوانە کارەساتی کەوتنی فڕۆکەی هێڵی بەڕیتانی لە شاری میونخ لە ساڵی ١٩٥٨ لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لە دەستدانی چەندین یاریزان و ستافی ڕاهێنەران و کارگێڕی یانەی مانچستەر یونایتد.