زاری كرمانجی-سۆران
دوای ئەوەی چەند رۆژێك لەمەوبەر دوو برای شاری هەولێر لە رووباری گەلی عەلیبەگ خنكان، ئەوكات تەنها تەرمی یەكێكیان دۆزرایەوە دوای 3 رۆژ گەڕان تەرمی ئەوەی دیكەش دۆزرایەوە.
لەمبارەوە رائید ڕەوەند هاودیانی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران، بەزاری كرمانجی گووت ” ئێوارەی پێنج شەممەی رابردوو دوو هاووڵاتی برای یەكتر بە ناوەكانی “هەڵوێست شاكر لەدایكبووی 1997 هەروەها مەبەست شاكر لەدایكبووی 1998″ دانیشتووی شاری هەولێر گەڕەكی فەرمانبەران، بەمەبەستی گەشت و سەیران رویان لە دەڤەری سۆران كردبوو، بەداخەوە بەهۆی پابەند نەبوون بە ڕێنمایەكانی بەرگری شارستانی نەشارەزییان تووشی رووداوی خنكان بوون”.
ئاشكراشی كرد ” دەستبەجێ تیمەكانی مەلەوانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان، گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و دەستیانكرد بەگەڕان، دوای یەك كاتژمێر توانرا تەرمی مەبەست شاكر، بدۆزرێتەوە و نێردرا بۆ پزیشكی دادی سۆران، هەروەها گەڕان بەدوای تەرمەكەی دیكە بەردەوام بوو، تا ئەمڕۆ یەكشەممە لەلایەن تیمەكانی بەرگری شارستانی سۆران دۆزرایەوە.