شەهلا رەشید- سۆران
هونەر عەبدولواحید، سەرۆكی رێكخراوی بەخشینی خوێن و ژیان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” زیاتر لە هەشت ساڵە رێكخراوەكەمان دامەزراوە و لە خزمەت هاووڵاتییان بووە بۆ بەخشینی خوێن، كە زیاتر لە 12 هەزار ئەنداممان هەیە، ئۆفیسی سەرەكیمان لە سەنتەری قەزای سۆرانە، هەروەها لە زۆربەی شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان لقمان كردوونەتەوە بە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانیشەوە، لەم ژمارە خوێن بەخشانە 2 هەزار خوێن بەخش هەڵگری ناسنامەی رێكخراوەكەمانن”.
گووتیشی ” ژمارەی مۆبایلەكانی رێكخراوەكەمان لە شارو شارۆچكەكان بڵاوكردوونەتەوە، بەمەش هەر هاووڵاتییەك خوێنی پێویست بێت لە هەر جۆرێك بێت بۆیان دابین دەكەین، بەپێی ئامارەكانمان لەماوەی 8 ساڵەی دامەزراندنی رێكخراوەكەمان تا ئێستا نزیكەی 60 هەزار بتڵ خوێنمان بەخشیوە”.
سەرۆكی رێكخراوی بەخشینی خوێن و ژیان، داواكاریشە لەو كەسانەی توانای خوێن بەخشینیان هەیە، ناویان لە رێكخراوەكەیان تۆمار بكەن و خوێن ببەخشن، پلانمان ئەوەیە Call Center (سەنتەری پەیوەندی) دابنێین لەگەڵ دامەزراندنی پێنچ كارمەند 24 كاتژمێر لەوێ ئامادەبن، هەروەها لە پلانماندایە پێشنیار بدەینە وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكەن و هەندێ كارمەندمان بۆ دابەمەزرێندرێن.