موڕشید برادۆستی – سۆران:
بەڕێوەبەری چاودێری و گەشە پێدانی كۆمەڵایەتی ئیدارەی سۆران، رایگەیاند، ماوەیەكە دەستكراوە بە تۆمار كردنی ناوی كەمئەندام و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان، لە ماوەی رابردوو زیاتر لە هەزار كەس ناویان تۆمار كراوە و بۆ هەولێر بەرز كراوەونەتەوە.
توران خدر، بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سۆران، بۆ زاری كرمانجی، روونی كردەوە، ئەو كەمئەندامانەی ناویان تۆمار كراوە، پێكهاتوون لە ” شەلەل دەماغ، ئۆتیزم، كورتەباڵا، بیركۆڵ، داوسینجۆن” تەاوی كەمئەندامەكان دەدرێنە لیژنەی پزیشكی، زۆربەی زۆریشیان لیژنەیان كردووە و رێكارەكانیان تەواو كردووە، گەڕانەوەی ناوەكانیان لە قۆناغی كۆتایدایە و موچەیان 150 هەزار دەبێت.
لە بارەی ئەو كەم ئەندامانەی وەك” نابیست، نابینا، جەستەیی ” توران خدر، دەڵێت:” ئەم جۆرە كەمئەندامانە تا ئێستا لە وەزارەتی كار و كار و باری كۆمەڵایەتی رێنمایمان بۆ نەهاتووە تا تۆماریان بكەین”.
جێگەی ئاماژەیە، لە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سۆران، ساڵانی پێشتر هەزاران كەس ناویان وەك كەم ئەندام تۆمار كراوە، ئەوانەی تەنها ئەو موچەیان هەیە مانگانە ” 150 ” هەزار دیناریان پێدەدرێت، ئەوانەی جیا لە كەم ئەندامی موچەیەكی دیكەیان هەیە، 100 هەزار دیناریان پێدەدرێت.