شارەزایانی بۆشایی ئاسمان : ئەو زریانە خۆرانەی لە دەیەی داهاتوودا ڕوو دەدەن، دەتوانێت بۆ چەند مانگێک یان
تەنانەت ساڵانێک هەڕەشە لە تۆڕەکانی ئینتەرنێت بکات
مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
بەمەبەستی دوورکەوتنەوە لە سیناریۆی کارەساتی “ڕۆژی کۆتایی ئینتەرنێت” کە لەلایەن زانایان و شارەزایانی بواری بۆشایی ئاسمان هۆشداری لە سەردراوە، دەزگای بۆشایی ئاسمانی ئەمریکی (ناسا) چاودێری گۆڕانکارییەکانى تەقینەوە و زریانەکانی خۆر دەکات.
ناسا، لە ساڵی ٢٠١٨دا کەشتی ئاسمانی پارکەر سۆلار پرۆبی هەڵدایە بۆشایی ئاسمان و تا ڕادەیەکی باش سەرکەوتوو بووە لە نزیکبوونەوەی لە خۆر و چاودێریکردنی گۆڕانکارییەکانی .
لە ئێستادا ناسا لە ڕێگەی 12 ڕوانگە و کەشتی ئاسمانی یەوە چاودێری چالاکییەکانی خۆر دەکات بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و سوودوەرگرتن لێی و نایەوێت کارەساتی ساڵی ١٨٥٩ دووبارە بێتەوە کە ئەو کاتەی توندترین زریانی خۆر ڕوویدا و بووە هۆی پەککەوتنی زۆرێک لە سیستەمە تەکنۆلۆژییەکان .
پرۆفیسۆر ستیوارت بێڵ لە زانکۆی کالیفۆرنیا باس لەوە دەکات کەشتییە ئاسمانییەکە یارمەتی زانایانی ناسا دەدات کە زانیاری گرنگ لەبارەی کارەکانی خۆرەوە کۆ بکەنەوە،ڕوونیشی دەکاتەوە کە تێگەیشتن لە میکانیزمی پشت بای خۆر بە هۆکاری کردەیی لەسەر زەوی گرنگە.
پرۆفیسۆر ستیوارت قسەی زیاتر لە سەر زانینی وردەکارییەکانی ئەو میکانیزمە دەکات و دەڵێ : “یارمەتیدەر دەبێت بۆ تێگەیشتن لەوەی کە خۆر چۆن وزە ئازاد دەکات و زریانی جیۆموگناتیسی دەباتە پێشەوە کە مەترسی لەسەر تۆڕەکانی ئینتەرنێت دروست دەکات.”
هاوکات زانایان و شارەزایانی ناسا ئاماژە بەوە دەدەن کە پێشبینیکردنی زریانی خۆر لە داهاتوودا، یارمەتیدەر دەبێت بۆ جووڵەی زوو بۆ پاراستنی مانگە دەستکردەکان و تۆڕەکانی ئینتەرنێت و سیستەمی پەیوەندی بێ تەل کە لەسەر بنەمای ئایۆنۆسفێر دامەزراوە، چونکە هەمیشە بە هۆی تەقینەوە بەردەوامەکانی خۆر زۆرترین زیان بەر ئەو سیستەمانە کەوتوون.