سوپای ئوردن : گرووپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران قاچاخچیتی بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەکەن
زاری کرمانجی – سۆران :
سوپای ئوردن لە سنووری باکووری نێوان وڵاتەکەی و سوریادا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی پڕ لە ماددەی هۆشبەری خستە خوارەوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز هەواڵێکی لەسەر زاری فەرماندەیەکی سەربازی سوپای ئوردن بڵاو کردەوە کە ڕۆژی سێشەممە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە سنووری باکووری نێوان ئوردن و سوریا خراوەتە خوارەوە کە لە سوریاوە هاتووە و ماددەی هۆشبەری پێبووە.
ئەو فەرماندەیە دەڵێ : “ئوردن ڕێگە نادات ناوچە سنوورییەکە ببێتە هێڵی پێشەوەی جەنگی ماددە هۆشبەرەکانی پەیوەست بە ئێرانەوە.”
ئوردن لۆمەی گرووپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێرانی کردووە لەسەر قاچاخچیتی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە سنوورەکانییەوە بۆ بازاڕەکانی کەنداو و ئەوەش دەڵێت لەلایەن یەکەکانی ناو سوپای سوریاوە دەپارێزرێن.
هاوکات بەرپرسانی دژە دەرمانی هۆشبەری ڕۆژئاوا و ئەمەریکا، دەڵێن سوریا بووەتە شوێنی سەرەکی بازرگانیکردن بە دەرمانە هۆشبەرەکانەوە لە ناوچەکەدا، ئوردنیش خاڵی تێپەڕبوونی سەرەکی دەرمانی ئەمپیتافینی دروستکراوی سورییە بۆ وڵاتانی کەنداو.