جەبار عەبدولڵا عەزیز
لە رۆژانی رابردوو لەلایەن هندێ لەلایەنە سیاسیيەكانی كوردستان، هەوڵێكی زۆر دراوە قەوارەی هەرێمی كوردستان بچوك بكەنەوە بەدەسكاری كردنی چەند بڕگەیەك لەپڕۆژە یاسای بوددجهو دەستووری عێراق، كە سوور دیارە ئەمانە نایانەوێت ئەو ئازادی و خۆشگوزرانییەی هەیە لە هەرێمی كوردستان نهمێنێت،هەموو كات سیاسەتی ئەو لاینانە دژ بەهەرێمی كوردستان بووە، بیر لەوە ناكەنەوە پاشگرێك هەیە لەدوای ناوی حزبەكەیان كە كوردستانە، نازانن ئابڕوو چوونێكی گەورەیە كاتێك تۆ خیانەتێك دەكەیت لەبەرامبەر گەلەكەت، دواتریش شانازی بكەیت بەناوی كوردستان، بۆ ئێمەی كورد عەیبەیەكی گەورەیە بەو لایەنانە بڵێین كوردستانی، چونكە ئەمانە دژی دەستوور و كەلتووری كوردستانن بۆیە پێویستە وشەی كوردستان لەپاڵ حزبەكانیان لابدرێت و چیتر ئەو ناوە پیرۆزە بۆ پاشگری حزبێكی كورد فرۆش بەكارنەهێنرێت.
ساڵانێكی زۆر كورد خەباتی كرد بۆ رزگاربوون لەزوڵم و ستەمی رژێمێك كە كورد كوژو داگیركار بووە، هەزاران رۆڵەی ئەو میللەتە زیندە بەچاڵ كران و بێ سەرو شوێن و شەهید كران، سەرەڕای راگواستن و دورخستنەوەی كورد لەسەر زێدی باب و باپیرانی خۆیان و دەربەدەركردنیان، هیشتان ئەو برینە كۆنانەی رژێمی بەعسی فاشیزم لەسەر جەستەی گەلی كورد نەسڕاونەتەوە، ئەوانیش دەیانەوێت جارێكی تر ئەو كوردستانە بگەڕێنەوە سەردەمی بندەستی و ماڵوێرانی و دەربەدەری، ئەوەی من دەیبینم لەسیاسەتی درۆینی ئێوە تەنها پارەپەرستی و كوشتن و گەیشتنتانە بە كورسی دەسەڵات، بەهیوام ئەو جۆرە حزب و لایەنانە واز لە خیانەت بێنن و تۆزێك ورد ببنەوە لەپەیام و خەباتی سەرۆك بارزانی كەچی كردووە بۆ سەرخستنی كورد و كوردستانیان لەرابردوو ئێستاشدا، تۆسقاڵێك لێوەی فێربن كەچۆن سیاسەت بكەن و بەرگریكاری مافەڕەواكانی گەلی خۆتان بن.
ئەوەی ئیستا دەگوزرێت لەلای خۆتان خەریكە دەبێتە دیاردە و مۆدێلێكی نوێ لەسیاسەت، بۆ ئەوەی نەوەكانی داهاتوو بخەنە هەڵەیێكی گەورە لەپەیڕەوكردنی ئەو جۆرە سیاسەتەتان، بەڵام خەڵكی دڵسۆزی كوردستان زۆر لەوە هۆشیارترەو لە پلان و بەرنامەكانتان تێگەیشتوون، لەئیستادا ئەوەی زۆر گرنگ و زەڕورە بۆ كورد هەموو لاینەكان راوێژ بەسەرۆك بارزانی بكەن، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ پرسە گرنگەكانی كورد، ئەو دەتوانێت رێگای سەركەوتنتان نیشان بدات بۆ گەیشتن بە مافەڕەواكانی گەلەكەمان.


































































