زاری كرمانجی-سۆران
مامۆستایەكی زانكۆ دەڵێت ” كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەرەڕای بەربەست و قەیرانەكان، بە كردار پابەندی كارنەمە و بەرنامەی خۆی بووە. هێلە گشتییەكانی ئەم كابینەیە لە زۆر بەی سێكتەرەكان وەك خۆی جێبەجێ كراوە.
د.تالیب شێروانی مامۆستای زانكۆ بە زاری كرمانجی راگەیاند: ” كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەرەڕای بەربەست و قەیرانەكان، بە كردار پابەندی كارنەمە و بەرنامەی خۆی بووە. هێلە گشتییەكانی ئەم كابینەیە لە زۆر بەی سێكتەرەكان وەك خۆی جێبەجێ كراوە، وەك پەروەردەو خوێندنی باڵاو كشتوكاڵ و كۆكردنەوەی باج و دەرامەت و دابینكردنی مووچە، هەروەها لە بواری تەندروستی و رێگاو بان و پاراستنی ئارامی و ئاسایشی كۆمەڵایەتیی و قەوارەی كوردستان بەگشتی. ئەمە جگە لە رێگە گرتن و كەم كردنەوەی گەندەڵی بە فیڕۆنەدانی ماڵی دەوڵەت”.
دەشڵێت: ” ئەم كابینەیە جیاوازترە لەگەڵ كابینەكانی تر بۆ نموونە، كارمەندان لە رووی پابەندبوون بەدەوامی فەرمی خۆیانەوە پابەندی تەواویان هەیە، ئەوەی بە روونیش هەستپێدەكرێت بریتییە لە پێشبركێ و باشتر خزمەتكردن بە هاووڵاتییان لە لایەن زۆرێك لە بەرپرسانی ئیداری، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دڵسۆزی و پابەندبوونی خودی جەنابی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بۆ كارەكەی و خزمەتكردن بە هاووڵاتییان. واتە ئەم جۆرە پێشبركێیە بۆخزمەتكردن لەناو بەشێك لە كاربەدەستانی حكوومەت بەدی دەكرێت، ئەمەش لە روانگەی خودی سەرۆكوەزیرانەوە سەرچاوە دەگرێت”.
گووتیشی ” جیاوازیەكی تر ئەم كابینەیە گرنگی تەواو بە تواناكانی گەنجان دەدات بە جۆرێك ببنە كەسی كاریگەرو داهێنەر بتوانن لە ئایندا ببنە خاوەن كاری خۆی و پشت بە توانا لێهاتوەكانی خۆیان ببەستن بۆ بازاڕی بە جۆرێك ببنە خاوەن كاری بزنسی خۆی كە دواجار بتوانن خزمەت بەخۆیان و وڵاتەكەیان بكەن، هەروەها ئەم كابینەیە، بەكردار پشتگیری جوتیاران و گوندنیشینان دەكات بەجۆرێك وەبەرهێنان و دروستكردنی كارگەی جیاواز لە گوندەكان بە پێی بارودۆخی جوگرافیا دروستبكرێت، ئەمەش وادەكات گوندەكان چوڵنەكرێن و بوژانەوەی بازرگانیش بە خۆیەوە ببینێت.