پڕۆژەی جوانكاری شەقامە گشتییەكانی ناو قەزای ناوەندی سۆران دەستی پێكردووە و پڕۆژەی چاندنی چیمەن دەست پێكراوە.
ئەندازیار رێكان عەلی، بەرپرسی بەشی پارك و باخچەكان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند ” دەستكرا بە چاندنی چیمەن بۆ دوورگەی ناوەڕاست لەناو بازاڕی گشتی، بەیانی و دووبەیانیش بەردەوام دەبێت تا تەواوبوونی سەرجەم دوورگەكان كە بریتین لە فلكەی پێشمەرگە تا فلكەی گەورەی ناو بازاڕ، شەقامی دیانای كۆن، دەروازەی سۆران تا فلكەی گەورەی ناو بازاڕ”.
ئەندازیار رێكان عەلی زیاتر روونیكردەوە” كارەكان بریتین لە گۆڕینی خۆڵی نەشیاوی ناو دوورگەو چاكردنەوەو گۆڕینی كڕبستۆنی شكاو، راكێشانی سیستەمی ئاودێری، چاندنی چیمەن و چەندین جوانكاری دیكە”.
بەرپرسی بەشی پارك و باخچەكان زیاتر گووتی ” پڕۆژەكە لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە بە شێوەی راستەوخۆ لە لایەن تیمی ئەندازەی ئێدارەی سەربەخۆ و بە هاوكاری تیمی ئەندازەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی سۆران و سەرۆكایەتی شارەوانی سۆران سەرپەرشتی دەكرێت”.