“52 قوتابخانەی سنوورەكەمان پێویستییان بە نۆژەنكردنەوە هەیە”
زاری كرمانجی – مێرگەسۆر:
لە دیدارێكی زاری كرمانجیدا، مامۆستا ئەحمەد محەمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، باس خوێندنی ئەمساڵ وئاستی زانستی قوتابیان دەكات، تیشك دەخاتە سەر مامۆستایانی وانەبێژ لە سنووری پەروەردەكەیان، دووپاتیشی كردەوە، دەیان قوتابخانەی سنوورەكەمان پێویستی بە نۆژەنكردنەوە هەیە.
لە دەستپێكی قسەكانیدا، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، دەڵێت:” ئەمساڵی خوێندن جیاواز بوو لە ساڵی رابردوو چوونكە هەموو رۆژەكان دەوام دەكرا، تەنها پشووە فەرمیەكان دەوام نەبوو، لێژنەی هەڵسەنگاندەنەكان كاتێك سەردانی قوتابخانەكانیان دەكرد، دەیان بینی هێز و توانایەكی زۆر بە مامۆستایەكان دیارە بەتایبەت مامۆستایانی بابەت زیاتر گرینگیان بە خۆیان دەدا و بەڕێوەبەری قوتابخانەش زیاتر هەوڵی دەدا كە قوتابخانەكەی خۆی بەرەو پێشتر ببات، چونكە پێشپڕكێیەك دروست بوو لەسەر ئەو ئاستەی كە كێ ئاستی یەكەم تا چوارەم بە دەست دەهێنێت، هەموو قوتابخانەیەك دەیویست ژینگەیەكی ئاڕام و باشتر دابین بكات و رێنمای باشتر بگەیەنێتە قووتابییان، لە گەڵ ئەوەشدا ئاستی زانستی قوتابییان تا ڕادەیەك باشتر بوو بە تایبەتی لە هەڵسەنگانی پۆلی نۆی نیشتیمانی بۆ ئێمە دەركەوت، بۆیە گەشبین و دڵخۆش بووین بە ئەمساڵی خوێندن، بەڵام هێشتا تەموحی زیاترمان هەیە واتە دەمانەوێت ئاستی قوتابیانمان بەرزتر بێت.
ئاشكراشی كرد:” لە سنووری پەروەردەی مێرگەسۆر زیاتر لە 180 قوتابخانەمان هەیە و جیاوازیان هەیە لە رووی ئاستەوە، هەندێ قوتابخانە لە ئامادەیی بەرەو پێش دەچن و دەست خۆشیان لێدەدكەین، بەڵام هەندێك قوتابخانەش هەن پێویستە ئاستیان باشتر بكەن، بەشیوەیەكی گشتی ئەمساڵ ئاستی زانستی قوتابییەكانمان لە هەموو ساڵەكانی تر باشتر بوو.”
ئەحمەد محەمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، ناشی شارێتەوە:” هۆكاری ئەو قوتابخانانەی ئاستی زانستیان بەرەو پێش نەچوو دەگەڕێتەوە بۆ كەمی پسپۆڕی، بەشێوەیەك هەندێك قوتابخانەكان مامۆستای پسپۆڕیان نیە وەكو ئەو گوندانەی كە دورە دەستن، گوند هەیە دوو مامۆستای لێیە واتە دوو پسپۆڕن تەواوی بابەتەكان تەنها ئەو دوو مامۆستا دەیڵێنەوە، بۆیە پێمان باشە گوندە دورە دەستەكانیش هۆیەكانی گواستنەوەیان بۆیان دابینبكرێت بۆ ئەوەی ئەو گرفتە چارەسەر بكرێت .
دووپاتی كردەوە، بەشێكی زۆری بینایەی قوتابخانەكانی سنوورەكەمان وەكو پێویست نین، بە جۆرێك 22 قوتابخانەمان سەرخۆڵ و لە كابینەدان، پێویستە بینایەیان بۆ دروست بكرێت و چەندین جار داواكاریشمان بەرز كردۆتەوە بۆ لایەنەكانی پەیوەندیدار، بە شێوەیەكی گشتی 52 قوتابخانەمان لە سنووری پەروەردەی مێرگەسۆر پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە.”
ئاماژەشی بەوەدا:” لە سنووری پەروەردەی مێرگەسۆر چوار قوتابخانەی ناحكوومی و دوو باخچەی منداڵان بوونیان هەیە، بە پێی رێنامایەكانی وەزارەتی پەروەردە دانراون و وەكو پەروەردە سەرپەرشتیان دەكەین ئەگەر كێشەیەكیان هەبوو ئێمە سەرەدانیان دەكەین، هیوادەرین پڕۆژەكانی كەرتی تایبەت بە تایبەت لە بواری پەروەردە لە سنوورەكەمان فراونتر بێت.
مامۆستا ئەحمەد محەمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، روونی كردەوە، ساڵ لە دوای ساڵ مامۆستای وانەبێژ یاخود گرێبەست لە سنوورەكەمان زیاتر دەبن و میلاك كەمتر دەبێت، چونكە لە ساڵی 2014 تاوەكو ئێستا هیچ دامەزراندنێك بۆ مامۆستایان نەبووە، واتە نزیكەی نۆ ساڵە دامەزراندن نیە و مامۆستاش هەیە كاتی گواستنەوەی تەواو بووە دەچێتەوە شوێنی خۆی، لە ئێستادا 65% میلاكی ئێمە وانەبێژە، پشتگیریان لێ دەكەین بۆ ئەوەی ببنە گرێبەست یاخود دابمەزرێن بە شێوەی هەمیشەیی، لە سنووری پەروەردەی مێرگەسۆر 1205 مامۆساتی وانەبێژمان هەیە، بەشی هەرە زۆریان خەڵكی خۆجێیین هۆكاری ئەوەش كە زۆربەیان خەڵكی خۆجەین لەبەر ئەوەیە كە ئەوان دەمێننەوە و داوی گواستنەوە ناكەن، بەمەش گرفتی میلاك دروست نابێت، بۆیە پشتگیریان دەكەین بۆ بە گرێبەست كردن یا بە هەمیشەیی كردنیان، ئەمساڵ ئەگەر گواستنەوە بكرێتن یاخود ئەگەر تەنسیب بكرێتن ئەوا پێویستیامن بە وانەبێژ دەبێت و بە پێی زانیاریەكانی ئێمە لە ئەنجومەنی وەزیران پوختەی ڕاژە كاردەكات و بەردەوامن و دە گەڕێتەوە سەر رێنماییەكانی ئەوان كە ئایا وانەبێژ دەكرێتە گرێبەست یاخود نا، بەڵام ئێمە ئومێدمان هەیە كە وانەبێژەكان دەكرێنە گرێبەست.”
بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، لە كۆتای قسەكانیدا، گووتیشی:” پڕۆسەی تاقیكردنەوەكانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی دەستی پێكراوە، لە سنووری پەروەردەی مێرگەسۆر 17 هۆڵی تاقیكردنەوەمان ئامادەكراون، ئەمساڵ و هەموو پێداویستیەكانیش بۆیان دابینكراون، قوتابیمان هەیە نمرەیان زۆر باشە، هیوادارین بتوانێت لە تاقیكردنەوەی نیشتیمانی نمرەی زۆر بەرز بەدەست بهێنێت، چونكە ساڵی 2021 توانیمان پلەی دووەم لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بە دەست بهێنین.