زاری کرمانجی – سۆران :
ماوەیەکە هاووڵاتییان گلەیی لە گرانی نرخی نان دەکەن و بەشێک لە خاوەن نانەواخانەکانیش، هۆکاری گرانی نرخی نان دەگەڕێننەوە بۆ گرانی نرخی ئارد و غاز و باس لەوە دەکەن ئەگەر غاز و ئاردیان بە نرخێکی کەمتر لە بازاڕ بۆیان دابین بکرێت، ئەوانیش نان هەرزان دەکەن، بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی هەرێم دەڵێ لە دەمێکی نزیکدا نان هەرزان دەبێت.
لە ئێستادا نرخی یەک نان لە زۆربەی نانەواخانەکان 250 دینارە و ئەم نرخەش بە لای هاووڵاتییانەوە زۆرە.
نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی هەرێم لەم بارەیەوە دەڵێ: “ئەنجوومەنی وەزیران داوایان لە ئێمە کردووە تا لەگەڵ نانەواخانە و سەموونخانەکان دابنیشین، بۆ ئەوەی لەمەو دوا 10 نان بە هەزار دینار بە هاووڵاتییان بفرۆشن،”
بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی هەرێم باس لەوەش دەکات کە بڕیاریانداوە لە بەرامبەر هەرزانکردنی نان، ئارد و غاز بە نرخێکی هەرزان بۆ نانەواخانە و سەموونخانەکان دابین بکەن.