پەروەردەی گشتی سۆران: لە ئایندەیەكی نزیكدا مامۆستایانی وانەبێژ دەكرێنە گرێبەست یان هەمیشەیی
مستەفا دۆلەمەری – سۆران:
مامۆستایانی وانەبێژ لە ئیدارەی سۆران كە ژمارەیان نزیكەی چوار هەزارە، لە رێگەی زاری كرمانجی، داوای دامەزراندن و بوون بە گرێبەست یا هەمیشەیی لە حكوومەت و وەزارەتی پەروەردە دەكەن .
حەسەن هاشم، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە ئیدارەی سۆران، بەزاری كرمانجی، گووت:” داواكاری مامۆستایانی وانەبێژ، تەنها دامەزراندنە جا چ بە شێوەی گرێبەست بێت یا دامەزراندنی هەمیشەیی، لە ساڵی ٢٠١٤ دامەزراندن لە وەزارەتی پەروەردە بە شێوەی گرێبەست و هەمیشەی تا ئێستا راگیراوە، هەرچەندە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرێبەستەكان دامەزران، بەڵام وانەبێژەكان وەكو خۆیان مانەوە و لە ئێستا نزیكەی ٣٥ هەزار وانەبێژ لە هەرێمی كوردستان هەن، سەرباری ئەوەی دامەزراندن ساڵانە رێژەی مامۆستایانی وانەبێژ زیاتر دەبێت و هیچ پێشهاتێكیش نییە تاوكو ئێستا كە دابمەزرێن.
زیاتر گووتی:” سەرەڕای ئەوەی ساڵانە ڕێژەیەكی زۆری مامۆستای میلاك خانەنیشین دەكرێن یا كۆچی دوای دەكەن یاخود گەشتی دەرەوەی وڵات دەكەن، بەڵام دامەزراندن هەر دەستی پێنەكرایەوە، بە بەردەوامی لە هەوڵدا بووین بۆ ئەوەی مامۆستایانی وانەبێژ لە شوێنیان بكرێنە هەمیشەیی، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ پێشهاتێكی دڵخۆشكەر نییە .
گووتیشی:” بەڕێوەبەری پەروەردەكان لە ئیدارەی سۆران زۆر هاوكارن بەرامبەر بە مامۆستایانی وانەبێژ، كاروبارەكانیان بە خێرای بۆیان ئەنجام دەدەن، بەڵام بەراستی ئەوەی وانەبێژانی هەراسان كردووە، دووا كەوتنی شایستە داراییەكانیانە، هەموو مانگێك دوادەكەوێت، بۆیە ناكرێت بە پاڕانەوە داوای مافی خۆمان بكەین”.
فازل عیسا، مامۆستای وانەبێژ لە سنووری پەروەردەی سۆران، دەڵێت:” ئێمەی وانەبێژان كەلێنێكی زۆری پەروەردەمان پڕكردۆتەوە، پێویستە لە سەر حكوومەتیش هاوكارمانبێت و هەوڵبدات مامۆستای وانەبێژ بكەنە گرێبەست، چونكە ساڵانێكە بە شێوەی وانەبێژ كاردەكەین تاوەكو ئێستا هیچ بڕیارێك لە بارەی چارەنوسی ئێمە نەدراوە و هەموو مانگێكیش شایستە دارایەكانمان دوادەكەوێت، بۆیە داوا دەكەم هەرچی زووە بڕیارێك بدرێت لە بارەی ئێمەوە كە بەبەردەوامی خزمەت بە كۆمەڵگەو وەزارەتی پەروەردە دەكەین.
لای خۆشیەوە، ئەحمەد حەمەدئەمین، گووتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییمان، سێ هەزار و 872 مامۆستای وانەبێژمان هەیە، بەپێی ئەو رێنمایانە كە تاوكو ئێستا لە بەردەستن ئەمساڵ هیچ مامۆستایەكی وانەبێژ دانامەزرێن، بە پێی ئەو زانیاریانەی بە دەست ئێمە گەیشتوون لە ئایندەیەكی نزیكدا مامۆستایانی وانەبێژ دەكرێنە گرێبەست یا هەمیشەیی”.