لە ژێر گوشاری شەقامی کوردی، یوسف کیلابی لە قسەکانی پاشگەز دەبێتەوە و داوای لێبوردنی لە کورد کرد
زاری کرمانجی – سۆران :
دوای ئەوەی لە گرتە ڤیدیۆیەکدا، یوسف کیلابی پەرلەمانتار و ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە گاڵتەجاڕییەوە باس لە پەسەندکردنی مادەکانی 13 و 14ی ڕەشنووسی بودجەی عێراق ی تایبەت بە هەرێمی کوردستان دەکات و دانیشتنەکەی بە دوو گۆڵی ناو دەبات و وەک تەنزیەک دەڵێ: “دوای تۆمارکردنی گۆڵی 13 و 14 لەلایەن شێرەکانی هۆڵەکانەوە، ئەو کێشەیەی لەلایەن جەماوەرەکانی یەکێتی یونایتد و پارتی یونایتد ڕوویدا، هەوڵماندا نێوانگیرییان بۆ بکەین و سوپاس بۆ خوا کردمان و پاکتاومان کردن، ئێستا هۆڵەکە چۆڵە و بەیانی بودجە تەواو دەکەین و دەیکەینە موژدە بۆ گەلی عێراق و حکومەتەکەمان و بۆ تەواوکردنی خزمەتگوزارییەکان.”
قسەکانی کیلابی بە زوویی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووە و بووە هۆکاری تووڕەبوونی شەقامی کوردی و لە ژێر گوشاری ئەو تووڕەبوونەدا کیلابی لە گرتە ڤیدیۆیەکی تردا کە شەوی ڕابردوو بڵاوی کردەوە، پاکانە بۆ خۆی دەکات و دەڵێ لە قسەکانم پاشگەز بوومەوە و داوای لێبوردن لە گەلی کورد دەکەم و دەڵێ: “بەڕاشکاوی دوێنێ ئێمە بەتەنیا بووین و لەگەڵ هاوڕێیانم گاڵتەمان دەکرد، بابەتەکە بە هیچ شێوەیەک گاڵتە پێنەکردن نەبوو، مەبەستیشمان نەبوو پەیامێک بگەیەنین بە خۆشەویستانمان و گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستانی خۆشەویست، خوا شاهێد بێت من ڕانەهاتووم لەو هەڵوێستانەم پاشگەز ببمەوە کە لەسەر هەقم، بەڵام لە من و لە مێژووی منیش ناوەشێتەوە، بەڵکوو کۆمەڵێک گەنج بووین و لەنێو خۆماندا گاڵتەمان دەکرد، بابەتەکەش بۆ سوعبەت بوو، چونکە هەر لە ڕاستی دا دوێنێ یارییەکە هەبوو، دوای کۆتایەکە من هاندەری تیمێکم دەکرد و مستەفا سەنەد پشتیوانی لە تیمێکی دیکەی دەکرد، ئێمە بردمانەوە و ئیدی من و مستەفا ئەو گرتە ڤیدیۆیەمان تۆمار کرد.”
ئەوەش دەڵێ :”بابەتەکە پەیوەندیی بە یارییەکەی پاڵەوانێتی ئەورووپا بوو، بەداخەوە هەندێک لە پەیجەکان هەوڵیاندا گرتەکە بقۆزنەوە لە دژی بەرژەوەندیی هەندێک لە حیزبەکان یان گەلی خۆشەویستمان گەلی کوردستان، بۆیە من داوای لێبوردن لە شەقامی ئازیزی کوردی دەکەم، داوای لێبوردن لە برایانمان لە یەکێتی و لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەم.”
دوای بڵاوبوونەوەی گرتەی دووەمی کیلابی بەشێک لە هاونیشتمانییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویانە کیلابیش وای زانی ڕادیۆیە .