مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
نەتەوە یەکگرتووەکان لە چوارچێوەی پرۆژەیەک کە ناوی ناوە پرۆژەی (گەورە) دەستی کردووە بە ئەرشیف کردن و پاراستنی بەڵگەنامەکانی پەیوەست بەو تاوانانەی کە ڕێکخراوی تیرۆریستی (داعش) لە عێراق ئەنجامی داوە، بۆ پاراستنی مافی قوربانییەکان لەسەر ئاستی ناوخۆیی وڵات و نێودەوڵەتیدا.
ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە لە ڕێگەی بەیاننامەیەکی فەرمی کە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس بڵاوی کردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، : “پرۆژە گەورەکە سەرکەوتوو بووە لە کۆکردنەوەی هەشت ملیۆن لاپەڕە کە تایبەتن بەو بەڵگەنامانەی لەبەردەستی حکومەتی عێراق دان و پەیوەندییان بە چالاکیی و تاوانەکانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە هەیە،”
لە ئێستادا بەشێکی زۆری ئەو بەڵگەنامەیە بە ئەلیکترۆنی کراوە، بە مەبەستی ڕاوەدوونان و لێپرسینەوە لە ئەندامانی ڕێکخراوەکە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
هەروەها بە گوێڕەی ڕاگەیاندراوەکە، ئەو بەڵگەنامانە لە ئەرشیفێکی ئەلیکترۆنیدا دادەنرێن کە دەوڵەتانی جیهان دەتوانن دەستیان پێ بگات و بەڵگەکان لە دژی تیرۆریستانی داعش بە کاریان بهێنن کە هەڵاتوون لە عێراق و لە بەشێک لە وڵاتانی دەرەوە خۆیان حەشار داوە.


































































