د. ئازا – ڕواندز:
بێگومان لە هەموو جیهان ڕاگەیاندنی وەرزشی لە ڕێگای جۆرەکانی ڕاگەیاندن ( بینین، بیستن، نوسراو، سۆشیاڵ میدیا)، ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە گواستنەوەی ڕووداوەکان بۆ جەماوەر.
هەڵبەت لە هەر ئیڤێنت و بۆنەیەکی وەرزشی بوونی فۆتۆگرافەر لە خول و پاڵەوانیەتیە وەرزشیەکان گرینگە و چێژ و خۆشی بە یاریزان و جەماوەری وەرزشی دەبەخشێت، و ڕۆڵی دەبێت لە جوانتر نیشاندانی وێنە و چالاکیە وەرزشیەکان.
هەڵوێست ڕەسوڵ، دانیشتووی قەزای ڕواندزە، چەند ساڵێکە لە نێو بواری فۆتۆگرافی وەرزشی کار دەکات بە چرکاندنی وێنەی یاریزانان و جەماوەر و هاندەری یانە وەرزشیەکان.
کاک هەڵوێست بۆ زاری کرمانجی گووتی: هەر لە سەرەتاوە خۆم خولیا و حەزێکی زۆرم بۆ ئەم کارە هەبوو و بە یارمەتی م. پێبۆ خدر توانیم زیاتر پەرە بەکارەکەم بدەم و بێمە نێو لاکێشەی سەوزی یاریگا بۆ خزمەت کردن بە بواری وەرزشی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بە تایبەت لە قەزای ڕواندز، بە پێویستم زانیوە لە چالاکیە وەرزشیەکان خزمەت بکەم بە لاوانی ئەو سنوورە و لە ڕێگای ئەم کارەم ئاشنایەتی و خۆشەویستیەکی زۆرم بەدەستهێناوە، لە داهاتوو هەوڵ ئەدەم کارەکەم جوانتر بکەم و لە ئاستی باڵاتر و بەکوالێتی بەرزتر کار بکەم.