زاری کرمانجی – سۆران :
دوای ئەوەی هەواڵەکانی یەکێتیی لە جیاکردنەوەی سلێمانی لە هەرێمی کوردستان سەری گرت و بڕگەی پارێزگای ناڕازیی لە بودجەدا جێگیر کرد، بەشێک لە چاودێرانی سیاسی و پارێزەرانی نەتەوە و دەستکەوتەکانی کوردستان، ئەم هەنگاوەیان بە خیانەتێکی تری یەکێتیی ناوبرد دژ بە هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد.
مامۆستایەکی زانکۆ پێی وایە لە ئێستادا یەکێتیی بووە بە داشی یاریکردنی دەستی ناحەزانی هەرێمی کوردستان و هەر ڕۆژە و لە شوێنێک و بە شێوازێک یاری پێ دەکەن.
د . مەهدی ئەمین ستوونی مامۆستای زانکۆی سۆران لەم بارەیەوە بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند : “جارێکی تر یەکێتیی مێژووی خۆی دووبارە کردەوە و چووە پاڵ دوژمنان و دەنگی دژ بە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان دا، بە بێ ڕەچاوکردنی ئەوەی کە ئەو قەوارەیە، بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی چەندین ساڵەی ڕۆڵەکانی ئەو خاک و نیشتمانەیە،”
ستوونی باس لەوە دەکات کە ئەو کارەی یەکێتیی کردی بەلای ئەو شتێکی چاوەڕوانکراو بوو و دەڵێ : “ئەوەی نیوەی بەشی خاکی کوردستان بکاتە قوربانی، شتێکی ئاسایی و سروشتی یە کە ئەو جۆرە هەنگاوانە بنێت، ئەو ئیدی خووی بەو جۆرە کارانە گرتووە،” ئەوەش دەڵێ : “ئەو جۆرە هەنگاوانە نیشانەی ئەوە نییە کە ئەوان زیرەک بن و سەرکەوتوو بوونە، بە پێچەوانەوە چونکە لە نێو پەرلەمانی عێراق، دوژمنانی هەرێمی کوردستان زۆرن و هەموو کار و ئامانجیان لاوازکردن و لە ناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردە، بۆیە بەداخەوە یەکێتیی بووە داشی یاریکردنی ئەوان و لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانیان، دژ بە هەرێمی کوردستان جوولێندرا،”
ئەو مامۆستایەی زانکۆی سۆران، پێی وایە هۆکاری پەنابردنی یەکێتیی بۆ کارێکی لەم شێوەیە ترس بوونە لە هەڵبژاردن و شکست :” هۆکاری یەکێتیی بۆ ئەو جۆرە یاریی کردنە، ترسانە لە هەڵبژاردن، چونکە لە ئێستادا یەکێتیی نیشتمانی هەموو شتێکی لەدەستداوە، بۆیە هەموو کارێک دەکات لە پێناو ئەوەی هەڵبژاردن نەکرێت.”