شەهلا رەشید- سۆران
توڕەیی هەستێكی سروشتییە و لە هەموو كەسێكدا روودەدات، بەڵام ئەگەر لەكاتی تورەبووندا دایك یاخود باوك كۆنتڕۆڵی خۆی لەدەستبدات شتەكان خراپتر دەبن و كاریگەری خراپیش لەسەر منداڵ دروست دەكات، چونكە منداڵ پێویستە لە ماڵەوە هەست بە ئاسوودەیی و ئاسایش بكات، نەكەونە نێو ژینگەیەك لە ئەنجامدانی بچووكترین هەڵە بەردەوام توورەِبوون و هاواركردن بێت بەسەریاندا.
د. محەمەد حەسەن، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكان و گەشەی منداڵان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” داوا لە دایكان و باوكان دەكەم بەهیچ شێوەیەك دیاردەی توڕەبوون بەرامبەر منداڵەكانیان بەكار مەهێنن، چونكە ئەم دیاردەیە لەنێو كوردەواریدا زۆر باوە، بەبێ ئەوەی هەستی پێبكەن كۆمەڵێك كێشە و گرفت راستەوخۆ تووشی منداڵان دەبن دووبارە بەرۆكی دایكان و باوكان دەگرن، ئەو كات دەبێ بەدوای رێگە چارەیەك بگەڕێن بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتانە.
گووتیشی” كاتێك لە منداڵەكانتان توڕە دەبن تووشی بەرگری لاوازی دەبن، خواردنیان پێناخورێت و كۆمەڵێك كێشە و گرفتی تەندروستییان بۆ دروست دەبێت كە هەر لە دوایدا دایك و باوكەكە خۆی ناچار دەبێ بەردەوام سەردانی پزیشك بكەن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەی كە خۆیان لێی بەرپرسیارن و بۆ منداڵەكە دروستییان كردووە، هەندێك كێشە هەن بێ ئەوەی منداڵەكە ئاگادار بێت دەتوانن چارەسەری بكەن، توڕەبوون شتێكی باوە و ئاساییە بەڵام بە هەموو شێوەیەك پێویستە هەوڵبدەین ئەو توڕەبوونە بەرامبەر منداڵ كۆنتڕۆڵ بكەین، تەنانەت زۆرجار دایكان و باوكان دەڵێن” منداڵەكەمان بەردەوام توڕەیە یاخود هەتا لێی توڕە نەبین وانەكان ناخوێنێت، خواردن ناخوات و ناخەوێت” هەموو ئەم هۆكارانە بەهۆی خودی خێزانەوە بەرۆكی منداڵەكە دەگرێت، چونكە نابێ توڕەبوون بەرامبەریان بەكاربهێندرێت بۆ ئەوەی ئەویش هیچ كاردانەوەیەكی نەبێت، پێویستە ژینگەیەكی ئارام بۆ منداڵ بڕەخسێندرێت.