دیدار: پشتیوان كەریم
داڕشتنەوەی: شەهلا رەشید
پزیشكێكی پسپۆر نەشتەرگەری گشتی دڵ، لە دیدارێكی زاری كرمانجی دەڵێت ” دڵی مرۆڤ بەشێكی گرنگ و رێكەوپێكە لە جەستەدا كە خزمەت بە هەموو جەستەی مرۆڤ دەكات، ئەم ئەندامە ماسوولكەییە قەبارەی مشتێكی داخراوە كە دەكەوێتە ناوچەی سنگ كەمێك بۆ لای چەپ، دڵ خوێن بێ ئۆكسجین دەنێرێت بۆ سییەكان.
لە بەردەوامی قسەكانیدا د.دیار دڵشاد، پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی دڵ، بە زاری كرمانجی راگەیاند ” یەكێك لە نەخۆشییە باوەكان گیرانی دەمارەكانی دڵن، كەپێی دەوترێت جەڵتە، ئەمەش بەهۆی سینگ ئێشە و تەنگەنەفەسی دروست دەبێت و دواجار تووشی جەڵتە دەبێت، هۆكارەكانی ئەم نەخۆشییە چەندین هۆكار لەخۆ دەگرێت، یەكێك لە هۆكارە گرنگەكانی كە نەخۆش بێتاقەت دەكات دووكەڵە و تەواوی جۆرەكانیشی دەگرێتەوە وەك دووكەڵەكانی جگەرە، نێرگەلە، ئۆتۆمبێلەكان، مۆلیدە ئەهلییەكان و پاڵاوگەكان و…هتد، و كە هۆكاری سەرەكین كە موولولەكان و دەمارەكانی دڵ بگیرێن، هەروەها نەخۆشی شەكرە و بۆماوەی، جۆری خواردنەكان بەگشتی خواردنەكان بەدیاریكراوی ئەوانەی كە لە ناو قووتوو شوشە، بۆیە هەر خواردنێك ماوەی بەسەرچوونی لەسەر بێت ئێمە وەك پزیشك بە ناتەندروست دادەنێین بەو پێییەی كە خۆراكەكە فرێش نییە ئەگەر ماوەی بەسەرچوونی لەسەر بێت، خواردنی چەور، گۆشتی كوڵاو، نەبوونی جوڵە و وەرزشكردن، هەموو ئەمانە هۆكارێكی دیكەن كۆی هۆكارەكانیش دەبنە هۆی قەڵەوی، كێشی زیادەش خۆی لەخۆیدا مەترسییە بۆ گیرانی دەمارەكان
ئەم پزیشكە پسپۆڕە گووتیشی” دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری پێویستە نەخۆش زۆر ئاگاداری خۆی بێت، چونكە ئەو نەخۆشانەی نەشتەرگەری دڵیان بۆ ئەنجام دەدرێت، ئەگەری ئەوەی هەیە دووبارە پێویستی بە نەشتەرگەری ببێتەوە لە ماوەی 10 بۆ 15 ساڵ دوای نەشتەرگەرییەكەی، چونكە زۆرێك لەو كەسانەی كە نەشتەرگەریان ئەنجامداوە خۆیان ناپارێزن و دووبارە دەست دەكەن بە خواردنی جگەرە و خواردنی خۆراكی ناتەندروست، بۆیە ئێمە بەردەوام رێنماییان دەكەین كە دوای نەشتەرگەری دوور بكەونەوە لەو خواردن و خواردنەوانەی كە ناتەندروست و زیانبەخشن، خواردنەوەی ئاو پێویستە و نەخۆش دوای نەشتەرگەری و پاش دوو هەفتە دەبێ دەست بە جوڵەكردن بكاتەوە، هەروەها دەبێ خواردنی باش بێت جوڵەی زۆر بێت برینەكەی بپارێزێت.
د. دیار دڵشاد، ئاشكراشی كرد” نەخۆشییە درێژخایەنەكان و پەستانی خوێن و شەكرە چارەسەری نییە و تا هەمیشە لەگەڵ ژیانی كەسی تووشبوودایە، بەڵام دەبێ كۆنتڕۆڵی بكات و بە رێكوپێكی دەرمانەكان بخوات و دەبێ پشكنین بكات هەركات ئەوانە كۆنتڕۆڵ نەبوون دووبار دەمارەكانی زووتر دەگیرێتەوە .
لەباری زۆر بوونی نەشتەرگەری بۆ تەمەنی گەنجان، لای خۆیەوە ئەم پزیشكە پسپۆڕە، گووتیشی” رۆژانە گەنجانی تەمەن 25 ساڵ نەشتەرگەری دڵییان بۆ دەكرێت، كە چی پێشتر زۆر كەمبوو تا 40 ساڵیش زۆر بووە، هۆكارەكەی بەهۆی نەبوونی جوڵە، زۆر دانیشتن، وەرزش نەكردن و خواردنی خراپ و دووكەڵانەی كە پێشتر باسمان كردن، كاتێ ئەم دووكەڵانە دێنە ناو ماڵی هەریەك لە ئێمە وەك ئەوە وایە رۆژانە 5 پاكەت جگەرە بكێشین، بۆیە زۆر مەرتسیە و مرۆڤ دەكوژێ، بەڵام كوشتنی لەناكاو نییە بەڵكو كوشتنی لەسەر خۆیە، هەروەها بەشێك لە نەخۆشان لە تەمەنی بچووك شەكرەی دەبێت و بەشێكیان بە بۆماوەی تووشی نەخۆش دڵ دەبن.
لە دوا قسەكانیدا ئەو پزیشكە روونیكردەوە” بەگشتی لە ژیانی رۆژانەماندا سێ جۆر خۆراك ئامادە دەكرێت كە بریتین لە برژاندن، سوركردنەوە و كوڵاندن، بەپێی زانستی پزیشكیش تەندورسترین ئامادەكردنی خواردن بۆ نەخۆشییەكانی دڵ برژادندنە، بۆیە ئەم جۆرە لە هەمووی تەندروسترە و پێویستە ئەو كەسانەی كە تووشی نەخۆشییەكانی دڵ دەبن زیاتر خواردنی سەوزە و میوەكان زۆر بكەن، ئەو خواردنانەی نیشاستە و چەورییان تێدایە مەترسین و زیانبەخشن، هاوكات نەخۆشییەكانی زكماكی لە منداڵان زۆر جۆری هەیە هەریەك لە جۆرەكانیش بەپێی تەمەن پێویستە نەشتەرگەری بۆ بكرێت، بەشێكیان لە یەك ساڵی و بەشێكیان لە پێنج ساڵی و هەندێكیشیان پێویستە لە تەمەنی دە ساڵی نەشتەرگەری بۆ ئەنجام بدرێت.