محەمەد هەسنانی-سۆران:
چین و توێژەكانی سنووری ئیدارەی سۆران، لە راپۆرتێكی زاری كرمانجی دا تیشك دەخەنەسەر پێگە و رۆڵی كابینەی نۆیەم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، لەرووی هەنگاونان بۆ چاكسازییەكان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و پاراستنی پێگەی هەرێم لە پلانی ناوخۆیی و دەرەكی.
سەفین شێخ سەعید، پارێزەر و چاودێری سیاسی، بە زاری كرمانجی راگەیاند: لە گرنگترین كارەكانی كابینەی نۆیەم دەستپێكردنی چاكسازییەكان و كەمكردنەوەی خەرجی فەرمانگە و وەزارەتەكان و زیاد كردنی داهات و بڕینی دوو مووچە و سێ مووچەیی بوو، هەروەها سەرەڕای ئاستەنگ و كێشەكان نەوەستاو و بەردەوام بووە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان لە نۆژەنكردنەوە و دروستكردنی رێگاوبان و باشتركردنی بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا و سێكتەرەكانی تر.
گوتیشی: یەكێك لە رۆژە سەختەكان سەردەمی كۆڕۆنا بوو، كە هەموو جیهان پێوەی دەناڵاند، بەڵام حكوومەتی هەرێم بەردەوام بوو لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و سەركەوتووانە دۆخەكەی تێپەڕاند.
سەركەوت جەمال، چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی، بە زاری كرمانجی گوت: مەسرور بارزانی، لەسەرەتای دەستبەكاربوونی بەرنامەی كار و پڵانی راگەیاند، لەژێر ناونیشانی چاكسازی بنەڕەتی، هەروەها كاروانی خزمەتگوزارییەكان دەستی پێكرد لە گشت بوارەكاندا، لەپێناو كارئاسانی بۆ هاووڵاتییان دەسەڵاتی بەخشیە یەكە ئیدارییەكان، لەگەڵ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی داهات بۆ خەزێنەی حكوومەت، كابینەی نۆیەم لە پێناو گەلەكەی رووبەڕووی هەموو سەختییەكان بوویەوە و ئەركی پاراستنی هاووڵاتییان و ئەو هەرێمە بوو كە بە خوێنی هەزاران شەهید بەدی هاتووە.
هادی باڵەیی، نووسەر و چالاكوان، بۆ زاری كرمانجی دەڵێت: كابینەی نۆیەم لەسەرەتای دەستبەكار بوونی تا ئێستا توانیویەتی لە پرۆسەی چاكسازی كارگێڕی و دارایی و رووبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە و گەشەپێدانی وەبەرهێنان و پێشخستنی ژێرخانی ئابووری و باشتركردنی پەیوەندی و چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی چەند قۆناغێكی گرنگ ببرێت، بەرئەنجامەكەی لە داهاتوودا بۆ خەڵكی كوردستان دەردەكەوێت، كە جێگای شانازی پێكردنە”.
ئەبوبەكر سلێمان، رۆژنامەنووس و راگەیاندنكار، بۆ زاری كرمانجی ئەوەدەخاتەڕوو: سەرەڕای ئەو ئالنگاریانەی جیهان بەگشتی تێی كەوت هەرێمی كوردستانیش لێی بەدەر نەبوو، بەڵام كارێزمای مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لە كابینەی نۆیەمدا، توانی شان بداتە بەر بەرپرسیاریەتییەكان ڕووبەڕووی قەیرانەكان ببێتەوە، ئەمەش وای كرد حكوومەت سەرەڕای تێپەڕاندنی دۆخە سەختەكان هاوكات توانی حوكمداریش رێكبخاتەوە و بەرگێكی نوێ دروست بكات لە رایكردنی حوكمڕانی كوردی لەڕێگەی شۆڕكردنەوەی دەستەڵات”.
ئاماژەی بەوەشدا: بەشێوەیەكی گشتی ئەم كابینەیە بەسەركەوتووی كارەكانی بەجێ گەیاندووە، كابینەی نۆیەم داهاتەكانی فرەچەن كرد جگە لە گەیاندنی خزمەتگوزاریەكان بە تەواوی هەرێمی كوردستان.
د.تالیب شێروانی، مامۆستای زانكۆ، بە زاری كرمانجی گوت: كابینەی نۆیەم، سەرەڕای بەربەست و قەیرانەكان، بەكردار پابەندی كارنەمە و بەرنامەی خۆی بووە، هێلە گشتییەكانی ئەم كابینەیە لە زۆربەی سێكتەرەكان وەك خۆی جێبەجێ كراوە، وەك پەروەردە و خوێندنی باڵا و كشتوكاڵ و كۆكردنەوەی باج و دەرامەت و دابینكردنی مووچە، هەروەها لە بواری تەندروستی و رێگاوبان و پاراستنی ئارامی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی و قەوارەی كوردستان بەگشتی، جگە لە رێگە گرتن و كەمكردنەوەی گەندەڵی بە فیڕۆنەدانی ماڵی دەوڵەت.
دەشڵێت: ئەم كابینەیە جیاوازترە لەگەڵ كابینەكانی تر بۆ نموونە، كارمەندان لە رووی پابەندبوون بەدەوامی فەرمی خۆیانەوە پابەندی تەواویان هەیە، ئەوەی بە روونیش هەستپێدەكرێت بریتییە لە پێشبركێ و باشتر خزمەتكردن بە هاووڵاتییان لە لایەن زۆرێك لە بەرپرسانی ئیداری، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دڵسۆزی و پابەندبوونی خودی سەرۆكی حكوومەت بۆ كارەكەی و خزمەتكردن بە هاووڵاتییان، واتە ئەم جۆرە پێشبركێیە بۆ خزمەتكردن لەناو بەشێك لە كاربەدەستانی حكوومەت بەدی دەكرێت ئەمەش لە روانگەی خودی سەرۆكوەزیرانەوە سەرچاوە دەگرێت”.