ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی ئاشكرای دەكات، یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە ئاشكرا هەوڵی لەتكردنی هەرێمی كوردستان دەدات.
هێڤیدار ئەحمەد لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیوویەتی ” دوای 16ی ئوكتۆبەر، هێزێكی (كوردستانی) هاتن و گوتیان بەڵێ خیانەتمان كرد و ئەوە ئیمزای ئەندامانی سەركردایەتی ئێمە و بە شانازییەوە پێشانی خەڵكیاندا، واتە پێشتر بە (نهێنی) لەگەڵ حەشدی شەعبی و هێزە دژە كوردستانییەكان و هەندێ دەوڵەتی ناوچەكە رێك كەوتبوون.”
زیاتر نووسیویەتی ” ئێستا ئەوەی دەبینرێت لەوە دەرچووە بە (نهێنی) بەردەوامی بە خیانەت بدەن لە دژی كوردستان، ئەمجارە بە ئاشكرا و بێ هیچ شەرمێك، چوونەتە بەغدا و لەنێو پڕۆژە یاسای بودجەی 2023 داوای (لەتكردن و پارچەپارچەكردنی كوردستان دەكەن) داوا دەكەن بەغدا مامەڵە لەگەڵ سلێمانی بكات! بەبیانووی ئەوەی حكوومەتی هەرێم پارە لە سلێمانی دەبڕدرێت؟”
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی زیاتر روونكردنەوەی نووسیوە و دەڵێت “ئەوە نەبوو هەموو مانگێ لە داهاتی (هەولێر و دهۆك) مانگانە 300 ملیار دینار رەوانەی سلێمانی دەكرا بۆ پێدانی مووچە و پارەی ئەو خەڵكەی بزر دەبوو، كەچی پارەكە هەر نەدەگەیشتە دەستی خاوەنەكەی؟ بۆچی بەغدا ئەوكات فریای تۆ نەدەكەوت؟، كەی خەڵكی سلێمانی ئێوەی سەرپشك كردووە بە ناوی ئەوان كوردستان دابەش بكەن و تاپۆی سلێمانی بدەنە جەماعەتی (ئەمنە سوورەكە) كە ئێستا بە ناوێكی دیكە لە بەغدان”.