سەردار قازی – زاری کرمانجی:
وەزیری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئاماژە بەوە دەدات کە پێدانی قەرز بە جووتیاردان و دەرچووانی بەشەکانی کشتوکاڵ دەست پێ دەکات.
بێگەرد تاڵەبانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، لەگەڵ بانکی قیرتاس یاداشتی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کردووە، بۆ پێدانی قەرز بە جووتیاران و دەرچووانی کۆلێژی کشتوکاڵ و ڤێتێرنەری.
ڕونیشیکردوەوە، کە پرۆژەی بچووک و مامناوەندیان هەیە و بڕی قەرزەکەش لەنێوان 15 ملیۆن دینار بۆ 100 ملیۆن دینار دەبێت، ماوەی دانەوەی قەرزەکە تاوەکوو 5 ساڵە و دوای 6 مانگ لە دەستبەکاربوونی پرۆژەکە دەست بە دانەوەی دەکرێت و هیچ سوودێکی ناچێتە سەر.
بە گوتەی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لەمڕۆ دووشەممەوە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ بیرۆکەکان وەردەگرن، دوای ئەوەی هەڵسەنگاندنی تەواوەتی بۆ دەکرێت ئاراستەی بانکی قیرتاس دەکرێت، پاشان ڕێکارەکانی بۆ دەگیرێتە بەر تاوەکوو خاوەنی بیرۆکەکە سوودمەند ببێت.