زاری كرمانجی-سۆران
د. زێڕین كامەران، پزیشكی دەم و ددان، دەڵێت” زۆرجار خەڵك پرسیارەكانیان لەسەر میوە و خواردنەكانە، بۆ ئەوەی بزانن سوود یان زیانیان چییە بۆ ددانەكان، بەڵام لە زانستی پزیشكیدا هیچ شتێك نییە وەڵامەكەی ئەوەندە بە ئاسانی بدرێتەوە و بڵێی باشە یان خراپە، چونكە بەپێی پێكهاتەی ئەو خۆراكە باش و خراپییەكان هەڵدەسەنگێندرێت، بۆ نموونە ئەگەر باسی خواردنی سێو بكەین لایەنە باشەكانی دەوڵەمەندە بە ریشاڵە خۆراكییەكان و سروشتی خۆی، هەندێك رەقە كە وەك فڵچە ددان پاك دەكاتەوە، لە هەمان كاتدا دەبێتە هۆی هاندانی لیكە رژێنەكان بۆ رژاندنی لیك و پاككردنەوە ددان لە بەكتریا زیانبەخشەكان، ئەمە جگە لەوەی كە دەوڵەمەندا بە بەهای خۆراكی زۆر و ڤیتامینەكان بۆ نێو دەم گرنگن.
ئەم پزیشكە دەشڵێت” سێو پۆتاسیۆمی تێدایە و بۆ ئێسك گرنگە، بەڵام ئەم میوەیە بێ زیانیش نییە بۆ نموونە شەكر و ماددەی ترشی زۆرە نزیكەی ٪١٥ی شەكرە كە دەبێ ئاگادار بن و هەندێك خاڵ جێبەجێ بكەن تا دوور بن لە لێكەوتە نەخوازراوەكان، دوای خواردنی سێو پارچەیەك پەنیر بخۆن بۆ هاوسەنگ راگرتنی ترشی نێو دەم، چونكە مینای ددان بە ترشی لەنێو دەچێت، پاشان ئاوی زۆر بخۆنەوە ئەمەش هەر بۆ هاوسەنگی شەكر و ترشی، هەوڵبدەن راستەوخۆ دوای سێو خواردن ددان مەشۆن چونكە ددانەكان نەرم دەبن، فڵچەكە برینداری دەكات و دەبێ لایەنی كەم دوای نیو كاتژمێر بیشۆن.