زاری كرمانجی-سۆران
د. سەروەر سالار، پزیشكی پسپۆڕی جومگە، رۆماتیزم و فەقەرات، دەڵێت ” لە هەردوو وەرزی بەهار و هاوین، دەتوانن رۆژانە نیو كاتژمێر چوونە بەر هەتاو بە روخسار، قۆڵ و قاچی دانەپۆشراوەوە بڕی پێویستی ڤیتامین D وەربگرن، بەڵام لە وەرزەكانی پایز و زستان ئاسان نییە، بتوانن لە تیشكی خۆرەوە بڕی پێویستی رۆژانە دروستبكەی و دەبێت، پەنا ببەیتە بەر خۆراك یان تەواوكەری خۆراكی بۆ وەرگرتنی ئەم ڤیتامینە، هەروەها ئەو خۆراكانەی ڤیتامین Dیان تێدایە بریتین لەمانە:
-ماسیی چەور: ماسییە چەورەكان بە گشتی سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی ئەم ڤیتامینەن، بۆ نموونە 100 گرام ماسیی سەلەمۆنی دەریایی دەتوانێت %24ی پێویستی رۆژانەی ڤیتامین D كەسێكی پێگەیشتوو دابین بكات، 100 گرامی ماسی سەلەمۆنی بەخێوكراوەی كێڵگەش دەتوانێت %25 دابین بكات، ماسییە چەورەكانی دیكەش نزیكەی هەمان بڕیان تێدایە هاوشێوەی سەلەمۆن.
-قارچك: 100 گرام قارچكی كێوی دەتوانێت %30ی پێویستی رۆژانەی ڤیتامین D كەسێكی پێگەیشتوو دابین بكات، بەڵام قارچكی بەرهەمهێنراوی بازرگانی بڕێكی ئێجگار كەمی تێدایە، چونكە تیشكی خۆر بەرناكەوێت.
-زەردێنەی هێلكە: زەردێنەی هەر هێلكەیەك دەتوانێت %5ی پێویستی رۆژانەی ئەم ڤیتامینە بۆ كەسێكی پێگەیشتوو دابین بكات.
-جگەر: 100 گرام جگەری ئاژەڵ %7ی پێویستی رۆژانەی ڤیتامین Dی كەسێكی پێگەیشتوو دابین دەكات.
-مریشك: 75 گرام لە سنگی مریشك 1٪ ی پێویستی رۆژانەی ڤیتامین D دابین دەكات.