كەسوكاری شەهیدان و بریندارەكان داوای هاوكاری لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن
زاری كرمانجی- مێرگەسۆر:
38 ساڵ بەسەر بۆردومانكردنی ئۆردوگای زێوە تێپەڕدەبێت، لە رێككەوتی 9/6/1985 ڕژێمی بەعس بە هەشت فڕۆكەی جەنگی ئۆردوگاكەی بە چەكی قەدەخەكراوی نێودەوڵەتی بۆردومانكرد، بەو هۆیەوە 150 كەس شەهید و 373 كەسیش بریندار بوون.
سەرجەم قوربانیانی بۆردوومانەكە هاووڵاتی باشووری كوردستان بوون و بەهۆی رازینەبوون بە دەسەڵاتی ئەوسای حكوومەتی عێراق ئاوارەی رۆژهەڵاتی كوردستان ببوون، بەڵام بەعس لەوێش بۆردومانی كردن.
ئۆردووگای زێوە بۆ پەنابەرانی باشووری كوردستان لە رۆژهەڵاتی كوردستان ناوێكی ئاشنایە. لە سەرەتاكانی دەیەی هەشتای زایینی، نزیكەی 13 هەزار هاونیشتمانی باشووری كوردستان بۆ پاراستنی گیانیان روویان لەو ئۆردووگایە كرد، بەڵام حكومەتی بەعس لەوێش وازیلێنەهێنان.
لە 9ی حوزەیرانی 1985 ئۆردووگاكە بۆمبارانكرا. بەهۆیەوە 150 كەس كە 79یان منداڵ بوون، شەهید بوون و زیاتر لە 300 كەس برینداربوون. قوربانییەكان لە گۆڕستانێكی نزیك ئۆردووگاكە بەخاكسپێردران.
لە دوای تێپەڕبوونی 38 ساڵ بەسەر ئەم كارەساتە، تائێستا بەشێك لە بریندارانی ئەو كارەساتە پێویستیان بەچارەسەر كردن هەیە لە دەرەوەی وڵات، زۆربەی قوربانیانی ئەو كارەساتە مووچەیان بۆ نەبڕاوەتەوە، لەكاتێكدا پەككەوتەن، بەتایبەت ئافرەتان و منداڵان، زۆربەی شەهیدانی ئەو كارەساتە بەشەهیدی هاووڵاتی تۆماركراون و پێویستە بكرێن بە شەهیدی (فعلی) لە هەمووشیان گرینگتر پێویستە هەوڵی جددی بدرێت، شەهیدانی ئۆردوگای زێوە و كارەساتەكانی دیكە بە جینوساید بناسرێندرێن.
كۆچەر غەفوور، كە دایك و دوو برا و خوشكێكی لەو بۆردومانەدا شەهید بوون و خۆش و خوشكێكی دیكە برینداری بۆردومانەكەن، بۆ زاری كرمانجی گوتی: من تەمەنم بچووك بوو، لەگەڵ براكەم دەچووم كارتی سەری ساڵمان وەردەگرتەوە، كاتێك فڕۆكەكان دەستیان بە بۆردومانكردنی زێوە كرد كەس ئاگای لە كەس نەما، من بریندار بووم و لە هەمان كاتیشدا خوشكێكی دیكەشم بریندار بوو، لەگەڵ ئەوەی دایك و دوو برا و خوشكێكی دیكەشم شەهید بوون.
دەشڵێ: وەكو پێویست یادی بۆردومانی زێوە ناكرێتەوە، لەگەڵ ئەوەش ئێمە برینداری بۆردومانەكەین تا ئێستا كەس نەهاتووە پێمان بڵێ، بۆ چارەسەر كردن رەوانەی دەرەوەی وڵاتان دەكەین، بۆیە داواكارین زیاتر ئاوڕ لە كەسوكاری شەهیدانی ئۆردوگای زێوە بدرێتەوە، ئەوانەی پێویستیان بە چارەسەرە چارەسەر بكرێن و ژیان و گوزەرانیان خۆش بكەن.