زاری كرمانجی-سۆران
چالاكوانانی ژینگە پارێزی ئیدارەی سۆران داواكارن لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كاری زیاتر لەسەر سەوزكردنی شار بكرێت بە چاندنی نەمام و گوڵ و درووستكردنی پاركی گەورەو بچو لە گەڵ و شوێنە گشتییەكان، بەرپرسی بەشی پاركەكان لە سەرۆكایەتی شارەوانی قەزای ناوەندی سۆران، دەڵێت ” بەرنامەو پلانی گونجاو هەیە لەم رووەوە خزمەتگوزاری پێشكەش بە شارەكەمان بكرێت.
حەكیم بابەكر حاجی، بەرپرسی بەشی پاركەكان لە سەرۆكایەتی شارەوانی قەزای ناوەندی سۆران بە زاری كرمانجی راگەیاند ” شاری سۆران تا دێت روو لە فراوانبوونە بەتایبەتیش لەگەڵ كردنەوەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێویستی بە بایەخی زیاتری سەوزایی و دروستكردنی پاركی گەورەو بچوك هەیە لە سەنتەری شارو گەڕەكەكان و شوێنە جیاوازەكانی قەزاكە و دەورووبەری، بۆ ئەمەش هەوڵەكانمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بەردەوامیان هەیە”.
گووتیشی ” حكوومەتی هەرێم لە سەرەتاوە زیاتر پلانی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بووە لە رووی رێگاوبانەكان بۆ هاووڵاتییان لەگەڵ ئەوەشدا كار لەسەر پڕۆژەكانی سەوزكردنی شەقام و شوێنە گشتییەكان كراوە بە پێی ئەو بودجەیەی لەبەردەستدا هەبووە، هەروەك لە سۆرانیش بەپێی توانا دەستكراوە بە چاندنی نەمام و دارو درەخت و زیادكردنی سەوزایی گەشبینیشین لە داهاتوودا كاری زیاتر لەم رووەوە ئەنجام بدرێت”.
بەرپرسی بەشی پاركەكان لە سەرۆكایەتی شارەوانی قەزای ناوەندی سۆران، ئاماژەی بەوەشدا لە سەنتەری شاری سۆران تەنها چەند پاركێكی بچوك هەن، لەكاتێكدا ئەم شارە پێویستی بەوە هەیە پاركێكی گەورەی هەبێت، لەگەڵ دروستكردنی چەند پاركێكی بچوك لە گەڕەك و شوێنە جیاوازەكانی شار بۆ پشودانی هاووڵاتییان و ئەو گەشتیارو میوانانەش كە لە شوێنە جیاوازەكان روو لە شاری سۆران دەكەن”.
حەكیم بابەكر دەشڵێت ” جگەلەوەی لە شاری سۆران شوێنێكی فرەوان تەرخانكراوە بۆ ئەوەی پاركێكی گەورەی تێدا درووست بكرێت، لە هەمانكاتیشدا لە زۆربەی گەڕەكەكان شوێن دیاری كراوە بۆ ئەوەی پاركی بچوك تیاندا درووست بكرێن، بە جێبەجێكردنی ئەم بەرنامەو پلانانە شارەكەمان سیمایەكی جوانتر دەبەخشێت هەروەها دەبێتە شوێنێكیش بۆ پشودانی هاووڵاتییان كە رۆژانە كاتێكی خۆشی تێدا بەسەر ببەن، لەگەڵ ئەوەشدا لە رووی تەندروستی و پاراستنی ژینگەوە تایبەتمەندی خۆی دەبێت”.
بە پێویستیشی دەزانێت هەر تاكێكی ئەم شارە لە ئاست پاراستنی ژینگە خۆیان بە خەمخۆر بزانن و بە چاندنی نەمام لە بەردەم ماڵ و باخچەو شوێنە گشتییەكان سروشتی ناوچەكانیان جوانتر بكەن، هەروەها هەستكردن بە بەرپرسیارییەتی لە هەمبەر پاراستنی ژینگەو ئەو گوڵ و نەمام و درەختانەی لە شارو پاركە بچوكەكان دەچێندرێن دواجار بۆ بەرژەوەندی هەموو لایەكمانە”.