د. خاڵس قادر، پزیشكی هەناوی و راهێنەری توانه عەقڵییەكان دەڵێت ” عەقڵ گەردونێكی بچووكە لە مێشكدا دەخوڵقێت، سەرەڕای هەموو پێشكەوتنە زانستییەكان هێشتا زۆرێك لە پێكهاتە و فەرمانی بەشە جیاوازەكانی مێشكی مرۆڤ نەزاندراون.
- مێشك لە 100 ملیار خانەی دەماری پێكدێت، هەریەكەیان دەكرێت بە كۆمپیوتەرێكی پێشكەوتووی بایۆلۆجی بچوێندرێت.
- هەر دەمارە خانەیەك، لە هەر چركەیەكدا دەتوانێت پەیوەندی بگرێت لە گەڵ 10 تا 100 هەزار دەمارە خانەی تر و بەستەری دەماری لە نێوانیان دروست ببێت.
- خانەدەمارییەكان، بۆ ئەوەی تەندروست بن و كارەكانیان بە باشی ئەنجام بدەن، یەك تڕیلیۆن خانەی یاریدەدەریان هەیە كە دەیانپارێزن.
- كوادریلێۆنێك بەستینی دەماری، رێڕەوی دەماری لەنێوان خانە دەمارییەكاندا هەیە، بۆ خێرا گەیاندنی پەیامە دەمارییەكان لە نێوان بەشە جیاجیاكانی مێشك. -100 گوێزەرەوەی دەماری، ماددەی كیمیایی و هۆرمۆنی لە مێشكدا دەردەدرێت بۆ ئاسانكاری لە گواستنەوەی پەیامە دەمارییەكان لە نێوان خانەدەماریەكاندا.
- توێكڵی مێشك (بەرگی دەرەوەی) كە لە 6 چین پێكهاتووە، ئەگەر بیكەینەوە و رێكی بخەین، قەبارەكەی بەقەد 4 لاپەڕەی A4 دەبێت.
- مێشك لە رێگەی ژمارەیەك تۆڕی دەماری كارەكانی خۆی دەكات، هەریەكەیان چەندین ناوچەی جیاوازی مێشك بەكاردەخەن بۆ جێبەجێكردنی هەر فەرمانێك.