زاری كرمانجی- چۆمان
بەڕێوەبەری تەندروستی چۆمان دەڵێت ” پێویستیمان بە داو و دەرمانی زیاتر هەیە لە نەخۆشخانەی بنكە تەندروستییەكانی سنوورەكەمان، هەروەها بەهۆی دوورە دەستی ناوچەكەمان پێویست بوو بەشی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانەی گشتی چۆمان بكرێتەوە.
د. ئەحمەد حەسەن، بەڕێوەبەری تەندروستی چۆمان، بۆ زاری كرمانجی گووتیشی ” زۆرجار ئەو نەخۆشخانەی كە زەروورن و پێویستییان بە چاودێری چڕە رەوانەی سۆران و نەخۆشخانەكانی هەولێر دەكرێن، هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، تا ئێستا بەشی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانەی گشتی چۆمان نییە، هەر لە سەرەتایی كردنەوەی نەخۆشخانەی چۆمان تا ئێستا ئەم بەشەمان نەبووە، تەنانەت لەكاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناش هاووڵاتییان پێویستیان پێی هەبوو، ئێستاش لە هەر حاڵەتێكی ئاسایی هەتا نەخۆش بەرەو بارودۆخی خراپیش بچێت یان زۆرجار دوای نەشتەرگەری نەخۆشەكە پێویستی بە چاودێری چڕە”.
ئاشكراشی كرد” لە ئێستادا رێژەی داودەرمان لە نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكانی چۆمان كەمبووەتەوە، چەندین جار داوامان كردووە بۆمان دابین بكەن، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران، لە هەوڵی دابین كردنی داو دەرمانی پێویست دایە، بە هیوایەن ئەم گرفتە چارەسەر بكرێت و دەرمانی پێویست بۆ نەخۆشخانەو بنكە تەندروستییەكان دابین بكرێت.