زاری كرمانجی-سۆران
بەڕێوەبەری شوێنەوارو كەلەپووری سۆران، دەڵێت : ” ماوەیەكە بە هاوكاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەستمانكردووە بە نۆژەنكردنەوەى بەشێكی بینای حامیەی ڕواندز، بۆ مەبەستی ئیدارەی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری سۆران و دروستكردنی مۆزەخانەیەك لە شوێنەكەدا.
عەبدلوەهاب سلێمان، گووتیشی: ” لە قۆناغی یەكەم 66 ملیۆن تەرخانكرابوو بۆ نۆژەنكردنەوەی بیناكەو كاركردن تیادا بەردەوامی دەبێت، بەڵام پێویستیمان بە گوژمەی زیاترەو داواكاریمان ئاراستەی ئیدارەی سۆران كردووە بۆ تەرخانكردنی گوژمەی زیاتر، بۆ ئەوەی بە چەند قۆناغێك پڕۆژەكە جێبەجێ بكرێت و بە شێوەیەكی وا نۆژەنی بكەینەوە بۆ مۆزەخانەكە گونجاو بێت”.
ئەوەشی خستەڕوو: ” بە نۆژەنكردنەوەی بیناكە، تەواو ئەو پارچە شوێنەوارانەی كە لە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵی رابردوو، لە سنوورەكەمان لە ئەنجامی كنەو پشكنین بە هاوكاری تیمە شوێناوارناسە جیهانییەكان دۆزراونەتەوە بیانگوازینەوە بۆ مۆزەخانەكە، لە هەمانكاتیشدا پێویستیمان بە ئەمنی و ئەو خزمەتگوزاریانە دەبێت كە گرنگه لە ئەنجامی كردنەوەی مۆزەخانەكە بوونیان هەبێت.