زاری كرمانجی – خەلیفان :
ئەمرۆ لە كاتی ئەنجامدانی مەشقی سەربازی پێشمەرگە لە یەكێك لە گوندەگانی ناحیەی خەلیفان دوو ئافرەت بە هۆی بەركەوتنی چاچمەوە بریندار بوون.
سەرچاوەیەكی ئەمنی كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێ، تایبەت بە زاری كرمانجی راگەیاند”ئەمڕۆ بە هۆی مەشقی پێشمەرگەوە دوو ئافرەت بریندار بوون و برینێكی یەكێكیان سەختە.
بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر و دڵنیابوونەوە لە هەواڵەكە، زاری كرمانجی پەیوەندی بە بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان كرد. هەڵكەوت وەڵاشی، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان بە وەكالەت، لەمبارەیەوە بە زاری كرمانجی راگەیاند:” ئاگاداری ئەم رووداوە نین کە لە گوندێكی سنووری ناحیەی خەلیفان روویدابێت و تا ئێستا زانیارییەكان روون نین، ئاخۆ هۆكاری رووداوەکە چیە و دوای بەدواداچوون و لیکۆڵینەوە وردەكاری بۆ رای گشتی ئاشكرا دەكەین” .
رۆژی ١٦ی ئەیلول راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بڵاویکردەوە، رۆژانی ١٧ و ١٨ و ١٩ی مانگه، هێزەکانی پێشمەرگە بنکەی مەشقی پیادەی هەولێر، چەند مەشقێکی سەربازی لە بناری چیای هەندرێن ئەنجام دەدەن، کە تێیدا هێلیکۆپتەر و چەکی جۆراوجۆر تێیدا بەکار دەهێنرێت، بۆیە بە هاوڵاتیانی سنووری ئیدارەی سۆران رادەگەینین لە كاتی بیستنی دەنگی تەقە یان دەنگی بەرز نیگەران مەبن.”