زاری كرمانجی- سۆران:
بەڕێوبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: لە هەوڵداین بۆ ئەوەی لە هەموو بوارەکان بەتایبەت لە بواری تەندروستی بگوێرەی پێویست کارمەند دامەزرێنین، بۆ ئەو مەبەستە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەهەوڵی بەردەوام دایە .
هەژار حەکیم ، بەڕێوبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی نەک تەنیا کارمەندانی خۆبەخشی تەندروستی بەڵکو بۆ هەموو بوارەکان بەپێی پێویست کارمەند بەگرێبەست دابمەزرێن، بەتایبەت ئەو کارمەندانەی تەندروستی کە لە سەردەمی کۆڕۆنا تا ئێستا لە کاری خۆبەخشی بەردەوامن، بۆیە ئەولەویەت بۆ ئەوان دەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەسەر هێڵە.
هەژار حەکیم گوتیشی: دەمانەوێت کارمەندی تەندروستی بکرێنە گرێبەست، بە تایبەت لە بەشی سڕکردن، تیشک و بەشەکانی دیکە ، چونکە ژمارەیەکی زۆر خۆبەخشمان هەیە، بۆیە لەهەوڵداین بۆ ئەوەی ئەو کارمەندانە بکرێنە گرێبەست .
بەپێی زانیارییەکان ژمارەیەکی زۆر کارمەندی خۆبەخش لە کەرتی تەندروستی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەیە و ئەنجوومەنی وەزیرانیش ڕەزامەندی لەسەر 100کەس داوە، بەڵام تائێستا ئالیەتی دامەزراندنیان دیار نییە.