زاری كرمانجی- سۆران:
لقی لەشجوانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەڵدەستێت بە كردنەوەی خولێكی ڕاهێنەرایەتی ئاستی C بۆ ئارەزوومەندانی یاری لەشجوانی كە دەیانەوێت لە داهاتوو ببن بە ڕاهێنەر لەم یارییە، ئەم خولە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت، جێگای ئاماژە پێدانە یەكەم جارە لە مێژووی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەم یارییە خولێكی ڕاهێنەرایەتی دەكرێتەوە، كە ئەمەش هۆكارێكی ئەرێنی و كاریگەر دەبێت بۆ زیاتر سوود بینینی لاوانی ئەم ناوچەیە لە ئاشنا بوون و بەرەو پێشچوونیان لەم یارییەدا.
ئیبراهیم حەمەدەمین ڕەشكە، سكێرتێری لقی یەكێتیی لەشجوانی و لێهاتوویی جەستەیی، بۆ زاری كرمانجی دەڵێت: ڕێكەوتی كردنەوەی خولەكە لە ئیستادا دیاری نەكراوە بەڵام لە چەند ڕۆژی داهاتوو ڕادەگێنین چ كاتێك دەبێت، مامۆستایانی خولەكە لە شاری سلێمانی دێن بۆ خزمەتی یاریزانەكان.
گوتیشی: ماوەی خولەكە پێنج ڕۆژ دەخایێنێت و بەشێوەیەكی دوور و درێژ باس لە هەموو بابەتە گرینگەكانی یاری لەشجوانی دەكرێت لە ڕووی ڕاهێنان و ئامادەكردنی یاریزانان.
لە كۆتایی خولەكە بەشداربووان دەبن بە خاوەنی بڕوانامەی C، ئەم بروانامەیە بۆ ئەو كەسانەیە كە لە هۆڵەكانی لەشجوانی كاری یاریدەدەری ڕاهێنەران دەكەن و دەبن بە هاوكاری مامۆستایانی هۆڵەكان، بەشدار بوو دەبێت ماوەی دوو ساڵ لە هۆڵەكانی لەشجوانی یاری ئاسنی كردبێت و شارەزاییەكی تەواوی لەسەر ئامێرەكان و جوڵەكانی ئەم یاریە هەبێت، ئێمە لە لقەكەمان پێمان وایە ئەمە هەنگاوێكی گرنگە كە دەستمان پێ كردووە بۆ بە ستاندارتكردنی هۆڵەكانی لەشجوانی لە شاری سۆران و دەوروبەری كە ئەمەش دەبێت بە هۆكاری ئەوەی بتوانن بە شێوازەكی ئاكادمیانە و زانستیانە لە داهاتوو كارەكانمان بەڕێوە ببەین.