شەهلا رەشید- چۆمان:
دوای ئەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە عێراق رووی لە زیادبوون كرد، وەزارەتی تەندروستی هەرێم، دوو حاڵەتی مردن بەم نەخۆشییە لە هەرێمی كوردستان راگەیاند و چەند رێنماییەكیشیان بڵاو كردەوە.
د. ئەحمەد حەسەن، بەڕێوەبەی تەندروستی چۆمان، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” دوای راگەیاندنی دووحاڵەتی تای خوێنبەربوون لەلایەن وەزارتی تەندروستییەوە، كە ئێستا لە هەرێمی كوردستانیش لە چەند شوێنێكی دیاریكراو بڵاوبۆتەوە، نوسراوی فەرمیمان بە دەستمان گەیشت كە پێویستە چەند رێنمایەك لە سنوورەكەمان جێبەجێ بكرێن.
زیاتر گووتی:” خۆشبەختانە تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی تووشبوون یاخود گۆماناوی تای خوێنبەربوون لە قەزای چۆمان و تەنانەت لەو بنكە تەندروستییانەی كە سەرەكین تۆمار نەكراوە، بەڵام بۆ سەلامەتی گشتی لیژنەیەكمان بە هەماهەنگی بنكەی ڤێتەرنەری دروست كردووە، رۆژانە سەردانی كوشتارگەی ئاژەڵان و ئەو شوێنانەی كە گۆمانلێكراون بە نایاسایی ئاژەڵ سەردەبڕن.
دووپاتی كردەوە، گشت ئەو گۆشتفڕشانەش ئاگادار كراونەوە رێنماییەكان جێبەجێ بكەن، تایبەت لەدەستكردنی دەستكێش، هەروەها گومانیان لە هەر ئاژەڵێك هەبوو پێویستە بەزووترین كات لایەنی پەیوەندار ئاگادار بكرێنەوە، پێویستە ئەو شوێنانەی ئاژەڵی لێ سەر دەبڕن دواتر شوێنەكە بڕشێندرێت. جیا لەمەش، هاووڵاتییانیش پێویستە لە كاتی كڕین و ئامادەكردنی گۆشت رێنماییەكان جێبەجێ بكەن، وەك لەدەستكردنی دەستكێش، جوان شووشتن و كوڵاندنی گۆشتەكە كە بگاتە 100 پلەی سیلیزی”.