شەهلا رەشید- سۆران:
زۆرێك لە دایكان پرسیار لەوە گەشەی قژ پەیوەندی هەیە لەسەر باڵای منداڵ؟ د. محەمەد حەسەن، لەم بابەتە تەندروستییەدا وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە و ئاشكرای دەكات ئایا قژ كاریگەری هەیە لەسەر كورت بوونی باڵا یاخود نا؟
د. محەمەد حەسەن، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكان و گەشەی منداڵان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” كچ لە تەمەنی سەرەتایی لەوانەیە زۆر دڵخۆش بێت لەوەی كە قژێكی جوان و درێژی هەیە، تەنانەت لەنێو خێزانیشدا درێژی قژی منداڵەكەیان خۆشدەوێت، بەڵام لە هەمان كاتیشدا دایكان ترسی ئەوەیان هەیە كە قژی درێژ كاریگەری نەرێنی هەبێت لەسەر هەڵكشانی باڵای منداڵ و هێزی زیادبوون زیاتر بدرێتە قژی نەك باڵاكەی.
ئەم پزیشكە، ئاشكرای كرد” لەڕووی زانستییەوە درێژی قژی منداڵ هیچ كاریگەرییەكی نییە لەسەر هەڵكشانی باڵاكەی واكە بكات منداڵەكە باڵای كورت بێت و هەڵنەكشێت، بەڵكو بە پێچەوانەوە لەڕووی زانستییەوە هەریەكەیان بە شێوازی خۆیان گەشە دەكەن و پەیوەندیان بەیەكەوە نییە”.