مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزارەتی كارەبا، بە كۆتا هاتنی قۆناخی یەكەمی پرۆسەی چاكسازیی كۆمپانیای دانەگاز لە كێڵگەی كۆرمۆر، بەشێكی زۆری توانای بەرهەمهێنانی كارەبامان بۆ گەڕایەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 7/6/2023 وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیاندراوێكدا باس لە ئاسایی بوونەوەی دۆخی كارەبا دەكات و هێما بۆ ئەوە دەكات بە كۆتایی هاتنی قۆناخی یەكەمی پرۆسەی چاكسازیی كۆمپانیای دانەگاز لە كێڵگەی كۆرمۆر، بەشێكی زۆری توانای بەرهەمهێنانی كارەبا گەڕایەوە.
وەزارەتی كارەبا لە راگەیاندراوەكەیدا باس لەوەش دەكات كە كە بڕیارە قۆناخی دووەمی پرۆسەكە تا ڕۆژی 16ی ئەم مانگە تەواو ببێت و دۆخی كارەبا بەتەواوەتی ئاسایی ببێتەوە و بڕی بەرهەمهێنان بگاتە 4,200 مێگاوات و روونیشی دەكاتەوە كە كۆمپانیای دانەگاز لە ڕۆژی 22ی ئایاری ڕابردوو دەستی بە پرۆسەی ساڵانەی چاكسازی لە كێڵگەی كۆرمۆر كرد و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی كارەبا 1000 مێگاوات كەم بووەوە.
وەزارەتی كارەبا جەخت لەوەش دەكاتەوە كە وەزارەتەكەیان لە ماوەی پرۆسەی چاكسازییەكەدا هەوڵی داوە كەمبوونەی بەرهەمهێنانی كارەبا كەمترین كاریگەریی لەسەر هاووڵاتیان هەبێت، بەهۆیەوە پێدانی كارەبای بە كارگە گەورەكان ڕاگرتووە.