بۆ كردنەوەی قوتابخانەی وەرزشی گفتوگۆ لەگەڵ ریاڵ مەردرید، بارسێلۆنا و ئەتلەتیكۆ كراوە
نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئیسپانیا لەگەڵ چەند یانەیەكی ئاست بەرزی ئەو وەڵاتە لە گفتوگۆ كردندان بۆ ئەوەی لە هەرێمی كوردستان قوتابخانەی وەرزشی بكەنەوە.
ئایدن ئۆستان، كاربەڕێكەری نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئیسپانیا، لە رێگەی تەلەفۆنەوە بۆ زاری كرمانجی گووتی” زۆر هەوڵمان داوە گرنگییەكی تەواو بە بابەتی زانستی و كلتووری و وەرزشی بدەین، بۆیە پێموایە لە رێگەی وەرزشەوە دەتوانین بۆ منداڵانی هەرێمی كوردستان سوودبەخش بین، لەم بوارەدا چەند دیدارێكمان لەگەڵ یانەكانی ئیسپانیا وەك ریاڵ مەردرید و بارسێلۆنا و ئەتلەتیكۆ مەدرید كردووە”.
ئایدن، زیاتر روونیكردەوە ” ئێستا ئەتلەتیكۆ مەدرید ڕەزامەندیی داوە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و دەخوازێت قوتابخانە وەرزشییەكانی لە هەرێمی كوردستان بكاتەوە، لەم میانەیەش بڕیارە چوار قوتابخانە بكاتەوە و گرێبەستەكان بۆ سێ ساڵ بێت، حكومەتی هەرێمیش ڕەزامەندیی لەسەر ئەو بیرۆكەیە داوە، دوای سەركەوتنی ئەو پڕۆژەیە بڕیارە لەگەڵ یانەكانی بارسێلۆنا و ریاڵ مەدریدیش بە هەمان شێوە كار بكەین، ئەم بیرۆكەیە بۆ ئەوەیە بتوانین لەچەند ساڵی داهاتوودا خولێك لەگەڵ یانە ئەوروپییەكان بۆ منداڵانی هەرێم بكەینەوە، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی وەرزشەوە پەروەردەیەكی بەهێزی منداڵانی هەرێمی كوردستان بكەین و ئاستی وەرزشی بەهێز بكەین”.