پشتیوان كەریم – سۆران:
دوای ئەوەی وەزارەتی كشتووكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ وەرگرتنی ئامێر و پێداویستییە كشتووكاڵییەكان بڕیارێكی لە بەرژەوەندی جوتیاران دەركرد، لە سنووری ئیدارەی سۆران سەدان كەس داواكاریان بۆ وەرگرتنی ئەو ئامێرانە پێشكەش كردووە.
حەكیم عەبدوڵا، جێگری بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیمان زیاتر لە 320 جوتیار بە ئەو مەبەستە ناوی خۆیان تۆمار كردووە، رۆژانەش جوتیاری سنوورەكە ناوی خۆیان تۆمار دەكەن و ئێمەش لای خۆمانەوە نوسراومان داوەتە بەشی خزمەتگوزاری و بەشی گرێبەست لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، ئەم كەل و پەلانەش بە نرخێكی گونجا و قستی درێژخایەنیان پێ دەدرێت .
جێگری بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سۆران، ئاشكراشیكرد:” ئەم هەنگاوەی حكومەت و كابینەی نۆیەم گرینگە بۆ جوتیارن، زیاتر جوتیارن دوای تراكتۆری بچووك و گەورە پێداویستیەكانی دیكە بۆ مەبەستی جوتكردن وكێڵانیان داواكردووە، ئەمەش هەنگاوێكی باشە بۆ جوتیاران دەتوانن زیاتر پەر بەكشتوكاڵَكردن بدەن لە سنوورەكە”.