دکتۆر نیار محیەدین حەمەدئەمین
مامۆستا لە زانکۆی سۆران
هەڵبژاردن وه‌ك کۆڵەکەیەکی بنچینەیی دیموکراسی هه‌میشه ڕێگە بە هاوڵاتیانی دەدات موماره‌سه‌ی مافه‌كانی خۆیان بكه‌ن به‌تایبه‌ت بۆ هەڵبژاردنی نوێنه‌ر و سەرکردەكانیان، هه‌روه‌ها دیاریکردنی ئاڕاستەی نەتەوەکەیان بۆ زیاتر گه‌یشتن به لوتكه‌ی چاكسازی و خۆشگوزه‌رانی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن لایه‌نێكی یاسایی هه‌یه له هه‌مان كاتیش‌دا پرسێكی سیاسییه و هه‌میشه له پرۆسه سیاسییه‌كاندا ڕۆل و گرنگیه‌كه‌ی به دیار ده‌كه‌وێت. گرنگییەکەی زیاتر لە دەرەوەی بوارەکانی حوکمڕانییە و ڕۆل و کاریگەرییەکی قووڵی هەیە لە دارشتن و پاراستنی ستراتیژیی ئاسایشی نیشتمانیی هه‌ر وڵاتێكدا.
وه‌ك دیاره هه‌ڵبژاردن له هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاو ده‌نێت بۆ ئه‌ڵقه‌یه‌كی دیكه له زنجیره‌ی ئه‌زموونی دیموكراسی كه كاروانه‌كه‌ی له 19-5-1992 وه‌وه ده‌ستیپێكردوه و بۆته بابه‌تێك بۆ چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی دیموكراسی و گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕای جه‌ماوه‌ر و په‌یڕه‌وكردنی به كرده‌وه‌ی پره‌نسیپی ئاڵوگۆڕی ئاشتییانه‌ی ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه گرنگه پێویسته ئه‌م هه‌ڵبژاردنه خوێندنه‌وه‌یه‌كی جدی له ڕوانگه‌ی ستراتیژیەتی ئاسایشی نیشتیمانیدا بۆ بكرێت چونکە پەیوەندیەکی راستەوخۆ لە نێوان هەڵبژاردن و ئاسایشی نیشتیمانی هەیە، وە بە شێوەیەکی سروشتی پێکەوە گرێدراون. ئه‌وه‌ی له‌م وتاره‌دا مه‌به‌ستمانه هه‌و‌ڵدانه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره؛ گرنگی و بایه‌خی هه‌ڵبژاردن لە ستراتیژیەتی ئاسایشی نیشتیمانی هه‌رێمی كوردستان چییه؟
بێگومان هەڵبژاردن هه‌میشه ئامرازێكه بۆ هێنانه‌كایه‌ی سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی. هەڵبژاردنی ئاشتییانە و شەفاف کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن دانیشتوانەوە قبووڵ دەکرێت، دەبێتە هۆی سەقامگیری، چونکە له لایه‌ك متمانەی خەڵک بە پرۆسە دیموکراسییەکان زیاد دەکات و لە لایەکی ترەوە ده‌توانێت ئاژاوە و ململانێیه سیاسییه‌كان کەم بکاتەوە. ، لێره‌دا ئه‌وه‌ی كه گرنگه بۆ هه‌رێمی كوردستان بوونی هه‌ڵبژاردنێكی شه‌فافه، چونكه ئه‌م هه‌ڵبژاردنه گرنگیه‌كه‌ی له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی ناوه‌خۆ و ده‌ره‌وه له ستراتیژیه‌تی ئاسایشی نیشتیمانی ڕه‌نگ ده‌داته‌وه. له ئاستی ناوه‌خۆ بوونی هه‌ڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە تا ڕاده‌یه‌ك ده‌توانێت هه‌موو ئه‌و به‌ربه‌ستانه تێك بشكێنێت كه ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریه‌كی نێگه‌تیفیان له سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی و ئابووری له هه‌رێمی كوردستان دروست كردووه. هەروەها ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ده‌رفه‌تێكه كه هێزی زیاتر به دامه‌زراوه‌كان دەبەخشێت و حوکمڕانیه‌كی گشتگیر دەچەسپێنێت و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و گەشەی ئابووری زیاتر به‌رهه‌م ده‌هێنێت. ئه‌مه‌ش فاکتەری سەرەکین بۆ دڵنیابوون لە به‌هێزیی ئاسایشی نیشتیمانی، چونكه ژینگەیەکی له‌م جۆره یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە دەرەکییەکان و دڵنیابوون لە ڕێوشوێنێکی یەکگرتوو بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان. له لایه‌كی تره‌وه ئه‌م هه‌ڵبژاردنه شه‌رعیه‌تێكی زیاتر به حكوومه‌ت ده‌به‌خشێت و فەرمانی خەڵک هەڵدەگرێت و ڕەوایەتیی خۆی لە چاوی هاوڵاتیاندا بەهێز دەکات و توانای حکومەت بەهێزتر دەکات به تایبه‌ت بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکان و بنیاتنانی دامەزراوەی جێگیر کە بتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر مامەڵە لەگەڵ هەڕەشەكان بکەن، كه ئه‌مه‌ش بۆ به‌هێزی و مانه‌وه‌ی ستراتیژیه‌تی ئاسایشی نیشتیمانی كۆلكه‌یه‌كی گرنگه، چونکە پشتیوانی و هاوکاریی گشتی دڵنیا دەکاتەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی به‌رده‌م ئاسایشی نه‌ته‌وەیی.
له ئاستی ده‌ره‌وه هه‌میشه هەڵبژاردن ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە دروستکردنی پێگەی نەتەوەیەک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا. هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە ڕەنگدانەوەی پابەندبوونێکە بۆ بەها دیموکراسییەکان، مافی مرۆڤ و سەروەریی یاسا. ئەمەش لە بەرامبەردا، ناوبانگ و متمانەی وڵاتێک بەهێزتر دەکات، کە ڕێگەی پێدەدات هاوپەیمانی و هاوبەشییەکی بەهێزتر دروست بکات. بە پێچەوانەوە، هەڵبژاردنێكی ناشه‌فاف دەتوانێت متمانەی نەتەوەیەک لاواز بکات، لەوانەیە کاریگەریی لەسەر هەماهەنگیی ئەمنی لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا دروست بكات. بۆیه ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ده‌رفه‌تێكه بۆ هەرێمی کوردستان تاكو بتوانێت ژینگەیەکی سیاسیی سەقامگیر و پارێزراو دروست بكات، كه ئەنجامه‌كه‌ی دەتوانێت زیاتر وەبەرهێنانی بیانی ڕابکێشێت و پەرەپێدانی ئابووری بەهێزتر بکات و هەماهەنگی لە پرسەکانی ئاسایشی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تیدا فراوانتر بکات، به‌مه‌ش ده‌توانین متمانەی زیاتر لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنین.
لە کۆتاییدا، ده‌كرێت بڵێین هەڵبژاردنی ئه‌م جاره‌ی هه‌رێمی كوردستان زۆر گرنگ و چاره‌نووسسازه بۆ پەرەپێدان و جێبەجێکردنی ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی. به‌تایبه‌ت بە برەودان بە سەقامگیری، شەرعیەت، بەرپرسیارێتی، متمانەی نێودەوڵەتی، چونكه ئه‌م هەڵبژاردنە بناغەیه‌كی پێویست بۆ حوکمڕانییەکی ئەمنی کاریگەر دابین ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وی كه زۆر گرنگه بۆ حکومەت و ده‌نگده‌ر پێویست ڕۆلیان هه‌بێت له پاراستن و به‌هێزكردنی ستراتیژیه‌تی ئاسایشی نیشتیمانی و کلتوورێکی دیموکراسیی بەهێز دروست بكه‌ن کە خۆشگوزەرانی و بەرژەوەندییەکانی نەتەوە بپارێزێت.