زاری كرمانجی – سیدەكان:
قایمقامی قەزای سیدەكان بەوەكالەت، ڕایدەگەینێت:” لە هەندێ شوێن و ڕێگەی سەرەكی سنوورەكەمان، لەلایەن چەكدارانی پەكەكە TNT دانراونەتەوە، وەك گەرووی سنگا، قەڵەڕەش، ڕۆبی ڕواڵ و چەند شوێنێكی دیكە، لە ماوەی ڕابردوو سێیەمین حاڵەتە لە سنوورەكەمان بەهۆی پێدا تەقینەوەی تی ئێن تی زەرەر و زیانی گیانی و ماددی بەر هاووڵاتییان دەكەوێت.
ئیحسان چەلەبی، روونی كردەوە، ڕۆژی هەینی ڕابردوو، لە ناوچەی ڕۆبی ڕواڵی سەر بەقەزای سیدەكان، بەهۆی پێدا تەقینەوەی تی ئێن تی بە دوو پاسەوانی سەر بە هێزەكانی سنووری عێراقی، بەداخەوە پاسەوانێک بە بەناوی ” ڕزگار عەبدولكەریم ” تەمەن 35 ساڵان و خەڵکی سیدەکان بوو گیانی لەدەستدا و ” پاسەوانێكی دیكە بەناوی ” سامان فەتاح ” تەمەن 48 ساڵان خەڵكی ڕواندزە، بە سەختی برینداربووە .
چەلەبی، ئاشكراشی دەكات، ئەو ناوچە و شوێنانەی دەكەونە دەرەوەی خاڵەكانی پێشمەرگە، ئارام نین، چونكە بەردەوام ململانێی سیاسی و شەڕ و پێكدادان لە نێوان چەكدارانی پەكەكە و سوپای توركیای تێدایە.
لەبارەی چوونی ڕەوەند و كاسبكاران، بۆ كوێستان و شوێنە كشتووكاڵییەكان، قایمقامی سیدەكان، دەڵێت:” ئەوانەی ڕوو لەو شوێنانە دەكەن بە تایبەت ڕەوەند و كۆچەری و كاسبكاران، بە ڕەزامەندی خۆیان دەچن، ئێمە تەنها ڕێگە پێدانیان پێدەدەین، لە هەمان كات، بەڵێنامەشیان پێ پڕ دەكەینەوە كەوا بە بەرپرسارەتی خۆیان روو لەو شوێنانە دەكەن .
قەزای سیدەكان لە رووی كارگێڕییەوە سەر بە ئیدارەی سۆرانە، 266 گوندی هەیە لەو ڕێژەیەدا تەنها 148 گوندی ئاوەدانە، بەهۆی شەڕ و پێكدادان و نائارامی ناوچەكە، 118 گوندی چۆڵكراون.