زاری كرمانجی-سمیلان
(پیرەباو) كە بنەماڵەیەكی ناسراوی گوندی گرتكی دۆڵی روستێ، سەر بە قەزای چۆمان لە دەڤەری باڵەكایەتی. یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی ئەم بنەماڵەیە ئەوەیە، كوشتن و خواردنی گۆشتی بزنی كێوییان لە خۆیان حەڕام كردووە.
شەفیقی حاجی خدر، نووسەر و وەرگێڕ و یەكێك لە نەوەكانی بنەماڵەی پیرەباو، بەزاری كرمانجی گووت : ” باپیرە گەورەمان فەقێ محەمەد ناسراو بە (پیرەباو) كەسایەتییەكی دیار و دینداری دانیشتووی گوندەكانی “گرتك و شیلان”ی دۆڵی “ڕوستێ”ی دەڤەری باڵەكایەتی بووە. لە هاوەڵەكانی شێخی باڵەكان بووە. مەزندە دەكرێ مێژووی ژیانی بۆ پێنج سەد ساڵ بگرە زیاترش لەمەوبەر بگەڕێتەوە. بەداخەوە مێژووی نووسراو لەبەردەستدا نییە، بەڵام ئەمە بە لێكدانەوە و پشتاو پشت كە تا یازدە پشت (نەوە) دەڕوا”.
گووتیشی: ” باپیرە گەورەمان فەقێ محەمەد ناسراو بە (پیرەباو)، لە زستانێكی سارددا بەفرێكی زۆر دەبارێت، ئەوكات (پیرەباو) لە هاوینەهەواری گوندی (ناوڕۆین)، كە فرسەخێك لە گوندی گرتك و بەدامێنی چیای مەموورەوە دەبێ. دەبێت و چەند ڕۆژێكی پێدەچێت، كەسوكاری لێ بێئاگا دەبن، لە ترسی ئەوەی نەوەك لە سەرما ڕەق بووبێتەوە، یان بووبێتە خۆراكی ئاژەڵی دڕندە، چەند كەسێكی لێهاتوو لە كوڕ و نەوەكانی بەدوایدا دەچن و كوتەكی بەفری ڕێگا لە گوندەوە بۆ هاوینەهەوارەكەوە دەشكێنن. كاتێكیش دەگەنە شوێنەكە، دەبینن (پیرەباو) ساخ و سەلامەتە، ئەوانەی رێگاكە دەبڕن زۆر برسی دەبن و پیرەباویش هیچی لەلا نابێت بیانداتێ تا بیخۆن. لەناكاو و بزنە كێوییەك لە بەندەنەكە دێتە خوار و خۆی دەگەیەنێتە كۆڵیتەكەی پیرەباو. ئیدی وایلێكدەداتەوە ئاژەڵەكە بۆ ئەوە هاتووە بیكاتە قوربانی و دەرخواردی منداڵەكانی بدات، بەڵام ئەو ئەوەندە میهرەبان بووە ژیانی ئاژەڵە كێوییەكانیشی پاراستووە، كاتێك (پیرەباو) وەها دەبینێ دەڵێت: وەسیەت بێ لە ئێوە و نەوەكانم، نابێ هیچ كەستان توخنی ئەو بەستەزمانە بكەوێ، نە بیكوژن، نە گۆشتیشی بخۆن، هەر كەسێكیش بەگوێم نەكا خێر لە خۆی نەبینیێت”.
دەشڵێت ” ئیدی لەو ڕۆژەوە كوشتن و خورادنی بزنە كێوی لە بنەماڵەی (پیرەباو) قەدەغە كراو بووە و لە خۆیان حەرام كردووە، ئەمەش وا دەكات لەو كاتدا بزنی كێوی بە شێوەیەكی بەرچاو لە دەڤەرەكە زیاد بكات و ترسیان لە ئاواییەكان و نزیكبوونەوەیان لە خەڵكی ئەم گوندانە نەمێنێت”.