بەڕێوەبەری خانەنشینانی سۆران :”مووچەیەكیان لێ ڕادەگیرێت”.
پشتیوان كەریم – زاری كرمانجی:
بەڕێوەبەری خانەنشینانی سۆران بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” سەرجەم ئەو خانەنشینانەی خاوەنی دوو مووچەن مووچەیەكیان لێ ڕادەگیرێت”.
یەعقوب ئەحمەد حوسێن، بەڕێوەبەری خانەنشینانی سۆران باس لەوە دەكات كە :” یاسای چاكسازی خانەنشینانیشی گرتەوە و ئەوانەی لە دوو مووچە یان زیاتریان هەبێت، مووچەیەكیان لێ ڕادەگیرێت و بە پێی رێنمایی دەبێت لە یەك مووچەی زیاتری نەبێت و لە یەكی مانگی حەوتی 2020 بە دواوە ئەوانەی خاوەنی دوو مووچەن، یەك لەسەر پێنجی مووچەكەیان لێ وەردەگیرێتەوە”،
ئاشكراشی دەكات :” تا ئێستا لە سنووری ئیدارەی سۆران 50 حاڵەتی دوو مووچەیی لە رێگەی سیستەمی بایۆمەتری تۆمار كراون لە لیستی خانەنشینان”،
ئەوەش دەڵێ:” ئەو كەسە ئازادە كە بە خواستی خۆی كامە مووچەی پێ باش و گونجاوە ئەو مووچەیە وەربگرێت”.
یەعقوب زیاتر گووتی:” تا ئێستا ئەو كەسانەی خاوەنی دوو مووچەی خانەنشینی و شەهیدانن، كاری لە سەر نەكراوە ئاخۆ بە چ شێوازێك مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت “.
بەڕێوەبەری خانەنشینانی سۆران گووتیشی :” بەشی خانەنشینی سەربازی بوونی نییە لە ئیدارەی سۆران، چونكە هیچ دامەزراوەیەكی تایبەت بە خانەنشینانی پێشمەرگە دانەنراوە و تەواوی خانەنشینانی پێشمەرگەی سەر بە ئیدارەی سۆران سەر بە پارێزگای هەولێرن”.