شەهلا رەشید- سۆران:
د. سانع ئەبابەكر، بەڕێوەبەری بانكی خوێن لە هەولێر و پزیشكی شارەزا لە نەخۆشییەكانی خوێن، بە زاری كرمانجی راگەیاند” خوێن وەك دەرمانە بۆ نەخۆشەكانی تالاسیمیا، شێرپەنجە و ئەوانەی تووشی خوێن بەربوون دەبن، لەبەر هۆكارەكانی وەك رووداوەكانی هاتووچۆ، بەربوونەوە یان لە كاتی نەشتەرگەری، ئەو دەرمان، خوێن و پێكهاتەكانی كە دەدرێتە نەخۆش بۆ كەمكردنی ئازار یان شتی تر نییە بەڵكو بۆ رزگار كردنی نەخۆشە لە مردن، تا ئێستا زاناكان لەبەر دوو هۆكار نەیانتوانیوە جێگرەوە بۆ خوێن و پێكهاتەكانی بدۆزنەوە، كە دوو هۆكار لەخۆ دەگرن، یەكەمیان لەبەر ئەوەی خانەكانی خوێن پێكهاتەكانی ئاڵۆزن و زەحمەتە بگەن بە دروستكردنی بەشێوەی دەستكرد، هەتا ئەگەر لە داهاتوو شتێك هاوشێوەی خوێن دروست بكەن نرخی زۆر گران دەبێت و كەس ناتوانێت بكڕێت، ئەوەی دیكەشییان ئەوەیە كە زاناكان دەزانن ئەگەر شتێك هاوشێوەی خوێنی دەستكرد دروست بكەن تەنیا زیان دەبینن، چونكە ئەو كات نرخی گرانە كەس ئەم خوێنە دەستكردە ناكڕێت و خەڵك زیاتر گەورەی بەخشینی خوێن دەزانن و خوێن دەبەخشن، چونكە خوێن بەخشین هیچ كاریگەرییەكی ئەوتۆی نییە لەسەر بەخشەرەكە، تەنانەت دوای ٢٠ رۆژ خوێنەكە بۆی قەرەبوو دەبێتەوە لە جەستەدا، هەروەها سوودێكی زۆریشی هەیە بۆی.
بەڕێوەبەری بانكی خوێن، دەشڵێت” مامۆستایانی ئایینی، میدیاكاران و دەزگاكانی راگەیاندن رۆڵێكی گەورە دەبیین بۆ هاندانی خەڵك، بۆ ئەوەی هەموو تاكی كومەڵگە ئەگەر مەرجەكانی خوێن بەخشینی هەبێت بتوانێت ببێت بە خوێن بەخشی بەردەوام و هەر سێ مانگ بۆ شەش مانگ جارێك سەردانی بانكی خوێن بكەن و خوێن ببەخشن، چونكە بەخشینی خوێن نیشانەی یەك دەنگی كۆمەڵگەیە، كاتێك تاكێكی كۆمەڵگە كە سەر بە هەر لایەنێكی سیاسی، ئایینی و نەتەوەیی بێت كاتێك دێت خوێن دەبەخشێت نازانێت ئەو خوێنە ژیانی چ كەسێك رزگار دەكات، گرنگ ئەوەیە ژیانی مرۆڤێكی رزگار كردووە.