زاری كرمانجی- سۆران:
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە بارەی سەردانی شاندی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بۆ ئێران بە زاری كرمانجی راگەیاند: لەسەر داوای كۆماری ئیسلامی ئێران سەرجەم پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان كوردستان بە سەرۆكایەتی پارێزگاری هەولێر، سەردانی ئەو وڵاتەمان كرد، لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و جێگری وەزیری دەرەوە بۆ كاروباری بازرگانی و پارێزگاری سێ شاری گەوررەی ئەو وڵاتە گفتووگۆمان كرد، ئامانجی سەردانەكە زیاتر بۆ بەرز كردنەوەی ئاستی جمووجۆڵی بازرگانی بوو لە نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان، باسی ئاستەنگ و گرفت و كێشەكانی بەردەم جموجۆڵی بارزگانی كرا، كۆبوونەوەكان گرنگ و بەرهەمدار بوون، لێك تێگەیشتنی باش هەبوو، كۆبوونەوەكان بەردەوامیان دەبێت.
سەرپەرتیاری ئیدارەی سۆران، ئاشكراشی كرد: لەو سەردانەدا، باس لە كردنەوەی دەروازەی كێڵەشین لە سنووری قەزای سیدەكان كرا كە لە نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران دەبێت، پڕۆژەی قیڕ كردنی رێگەی دۆڵێ زەرزێ بۆ ئەو دەروازەیە سوودی زۆری دەبێت و ئاسانكاری هاتووچۆ دروست دەكات، كردنەوەی ئەو دەروازەیە دەبێتە خاڵێكی ستراتیژی ترانزێت لە نێوان ئێران و توركیا و هەرێمی كوردستان، خواستی ئێرانیشە ئەو دەروازەیە لە ماوەیەكی زوودا بكرێتەوە”.