زاری كرمانجی- سۆران
دووگیانی یەكێكە لە قۆناغە گرنگەكان بۆ دایك و كۆرپە، كە لە ژیانی هەر خانمێكدا بوون بە دایك قۆناغێكی دڵخۆشكەرە، تایبەت بۆ ئەوانەی بۆ یەكەمجار دووگیان دەبن، بۆیە تەندروستی هەردووكیان لەم ماوەیەدا زۆر گرنگە، پێویستە دایكان هەوڵبدەن پشكنین بكەن و سەردانی پزیشكی منداڵبوون و ئافرەتان بكەن.
د. رۆژین مەهدی، بە زاری كرمانجی راگەیاند” لەماوەی دووگیانیدا كۆمەڵێك گۆڕانكاری جەستەیی و دەروونی لە خانماندا روودەدەن، بەشێك لەو گۆڕانكارییە جەستەییانە ئاسایین و جێگەی مەترسیی نین بەڵام پێویستە خانمی دووگیان زۆر ئاگاداری تەندروستی خۆی بێت، چونكە لەو ماوەیەدا لەوانەیە ئاگاداری تەندروستییان نەبن و تووشی هەندێ نەخۆشی ببن یان مەترسیی لەسەر تەندروستی كۆرپەكەیان دروست ببێت، ئەم رێنماییانە زۆر گرنگن بۆ ئەوەی خانمان لەماوەی دووگیانیدا جێبەجێیان بكەن بۆ ئەوەی هەم خۆیان و هەمیش كۆرپەكەیان تەندروستبن.
رێنماییەكان بریتین لەمانە:
- خواردنی خۆراكە تەندروستەكان، گرنگە خانمانی دووگیان بایەخبدەن بە خواردنی خۆراكی تەندروست، لەوانەش كە دەوڵەمەندن بە ڤیتامین و كانزاكان وەك ئاڤۆكادۆ، بڕۆكلی، سپێناخ و میوە مزرەكان و …هتد، هەروەها سەرچاوە دەوڵەمەندەكانی پڕۆتینی وەك گۆشت، مریشك و هێلكە، بایەخدان بە خواردنی شیر، ماست و پەنیر، گرنگیشە خانمانی دووگیان بایەخ بە خواردنی نانی بەیانی بدەن بۆ ئەوەی لە بەها خۆراكییە گرنگەكان بێبەش نەبن و بەدرێژایی رۆژ هەست بە وزە بكەن، جگە لەوانەی سەرەوە خواردنەوەی پێویستی ئاو بەجۆرێك رۆژانە ٨-١٠ پەرداخ بخورێتەوە.
- وەرزشكردن و چالاكی جەستەیی، زۆرێك لە خانمانی ئێمە لەگەڵ دووگیانبوون وا بیر دەكەنەوە كە دەبێت تەنیا دابنیشن و پشوو بدەن، بێگومان ئەمە بیروبۆچوونێكی هەڵەیە، ئەنجامدانی چالاكی جەستەیی بۆ خانمانی دووگیان زۆر گرنگە، چونكە تووشبوون بە پشت ئێشە، لاق ئێشە و هەڵئاوسانی سك كەمدەكاتەوە، هەروەها ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە و خەمۆكی دوای منداڵبوونیش كەمدەكاتەوە.
- لە ماددە كیمیاییەكان بەدووربە، هەموو ئەو ماددە كیمیاییانەی بە هەر جۆرێك لەوانەیە بەركەوتەت لەگەڵ هەبێت جا لە ماڵەوە یان لە شوێنی كاركردنت بێت، بۆ نموونە ماددە و كەلوپەلەكانی پاككەرەوە كە بەشێك لە توێژینەوەكان دەریانخستووە لەوانەیە بەركەوتنێكی زۆر بەو ماددە كیمیاییانە ببێتە هۆی ناشێواوی بۆماوەی لە كۆرپەدا.
ئەم پزیشكە ئاشكراشی دەكات” بایەخدان بە تەندروستی ددانەكان، هۆرمۆنەكانی ماوەی دووگیانی لەوانەیە گرفتی ددان و پوك بۆ خانمەكە دروست بكەن و زیاتر تووشی هەوكردنی پووك ببنەوە، بەشێك لە توێژینەوەكانیش ئاماژە بەوە دەكەن لەوانەیە نەخۆشییەكانی پووك كاریگەرییان هەبێت و مەترسیی لەبارچوون زیاد بكەن، بۆیە پێویستە خانمی دووگیان ددانەكانی بشوات و لەكاتی بوونی هەر گرفتێكیش سەردانی پزیشكی ددان بكات.
-خەوی تەندروست و كەمكردنەوەی گوشاری دەروونی، جەستەی خانمی دووگیان و تەنانەت كۆرپەكەشی پێویستی بە پشووە، دەبێت خانمانی دووگیان لایەنی كەم ٨ كاتژمێر بخەون، بایەخدان بە لایەنی دەروونی كاریگەرییەكی ئەرێنی هەیە لەسەر هەبوونی دووگیانییەكی تەندروست، كەمكردنەوەی گوشاری دەروونی لە رێگەی تەكنیكەكانی خاوبوونەوە، یۆگا یان چالاكی جەستەیی.