مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
بەرزبوونەوەی ڕێژەی دەستگیرکراوانی بازرگانان و بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان، عێراقی ناچار کردووە پەنا بۆ زیندانی ئەبوغرێب ببات.
بەپێی هەواڵە ڕۆژنامەوانییەکانی عێراق، ئاماری بەکارهێنان و بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان ڕۆژ بە ڕۆژ لە هەڵکشاندایە و لە ئێستا زیاتر لە 10 هەزار بەکارهێنەر و بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان لە زیندانەکانی عێراق دەستبەسەرکراون.
ڕۆژنامەی سەباحی عێراقی بڵاوی کردەوە: “بە تاوانی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، دە هەزار کەس لە زیندانەکانی عێراقدان کە حەوت هەزار و ٥٠٠ یان بازرگان و دوو هەزار و ٧٠٠ کەسیشیان بەکارهێنەرن، لە کۆی ئەو ژمارەیەش ١٢٨ کەسیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوەیە.”
گوتەبێژی وەزارەتی داد ڕایگەیاند :”زۆرینەی ئەوانەی لە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەگلێن، لە ناوچە هەژارنشینەکان، بێکار و هەرزەکاران،”
کامیل ئەمین هاشم، گوتەبێژی وەزارەتی داد ئاشکرای دەکات بۆ ئەوەی زیندانیانی ماددە هۆشبەرەکان، تێکەڵ بە زیندانیانی تر نەکرێن، ناچارن زیندانی ناوەندی بەغدا کە ئەبوغرێب ناسراوە تایبەت بکەن بە زیندانیانی ماددە هۆشبەرەکان و نەخۆشخانەیەکیش بۆ چاکسازی هەر لەناو زیندانەکەدا دەکرێتەوە.
گرتووخانهى ئەبوغرێب یەکێکە لە ترسناکترین بەندیخانەکانە و عێراقییەکان بیرەوەری خۆشیان لەگەڵ ئەو بهنديخانهدا نییە .