لە ناوەڕاستی هاوین پلەکانی گەرما گۆرانیان بەسەر دادێت و زستانیش پڕ لە بەفر و باران دەبێت
مههدى محهممهد – زارى كرمانجى :
ئەگەرچی هێشتا وەرزی هاوین کاری خۆی نەکردووە، بەڵام لە ئێستاوە بەشێک لە شارەزایانی کەشناسی هۆشداری لە هاتنی زستانێکی سەخت و نائاسایی دەدەن و پێیان وایە زستانی 2023-2024 لە ڕووی بەفر و بارانبارین جیاواز دەبێت لە ساڵانی ڕابردوو.
شارەزایەکی بواری کەشناسی لە کوردستان لە ڕاگەیانراوێکدا هێما بۆ ئەوە دەکات کە وەرزی دابارین جیاواز دەبێت لە ساڵانی پێشتر و لە هەموو ناوچەکان بە ڕادەیەکی زۆر باران دەبارێت و دەچێتە سەرووی نۆرماڵ.
شاڵاو هیدایەت شارەزای بواری کەشناسی ئاماژە بەوەش دەدات کە بە پشتبەستن بە مۆدێلی MME پێشبینی زۆری پلەکانی گەرما بۆ سەرووی نۆرماڵ دەکات لە ناوچەکانی زەریای بەستەڵەکی باکوور لەناو وەرزی هاوین بەدواوە و دەشڵێت : “گەرمبوونی زەریای بەستەڵەکی باکوور وا دەکات زۆرترین نزمە پەستان دروست ببێت و بارستە هەوا ساردەکانی جەمسەری و سیبیریا ڕووسیاش زیاتر شۆڕ دەبنەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە، چونکە سەرما و بەفر لە ناوچەکانی ڕووسیا و جەمسەری و خۆرهەڵاتی ئەورووپاش زیاتر دەبن،”
شاڵاو ئاماژە بەوەش دەکات بەفر و سەرمای زستانی ئەمساڵی کوردستان لەئاستی ئاسایی زیاتر دەبێت، بەهۆی ڕوودانی چەند دیاردەیەکەوە باران و تەرزەش لەئاستی ئاسایی خۆی زیاتر دەبێت.”