شەهلا رەشید- سۆران
لەگەڵ پێشكەوتنی سەردەمیانەی تەكنەلۆژیا و نوێگەری زانستی پزیشكی، ئێستا لە زۆربەی بوارەكاندا نەخۆشییەكان لە رێگەی ئامێری پێشكەوتوو دەستنیشاندەكرێن و تەنانەت لەبواری نەشتەرگەریشدا زۆربەی نەشتەرگەرییەكان بە رێگەی ئاسانتر بەبەراورد بە رێگە كلاسیكییەكان ئەنجامدەدرێن.
د. دەرباز خۆشكانی، پسپۆڕی نەشتەرگەری دڵ، سنگ و لوولەكانی خوێن، بە زاری كرمانجی راگەیاند” ئێستا بواری نەشتەرگەری كرانەوەی دڵ بەرەوپێشچوونێكی ئێجگار گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت ئێستا كە نەشتەرگەری كرانەوەی دڵ تەنیا بە برینێكی 5 سەنتیمەتری دەكرێت، كە لای خەڵكی خۆمان پێی دەگووترێت” نەشتەرگەری كردنەوەی دڵ بە نازوور” بۆ ئەوەی لەم رێگە نوێیە لە نەشتەرگەری دڵ تێبگەین پێویستە بزانین نەشتەرگەرییەكە پێشووتر چۆن ئەنجامدەدرا، نەشتەرگەری كردنەوەی دڵ بۆ ئەو نەخۆشانە دەكرێت كە خوێنبەرەكانی دڵیان گیرابێت یان نەخۆشی زمانەی دڵییان هەبێت و پێویسیتیان بە نەشتەرگەری بێت.
ئەم پزیشكە گووتیشی”ئەنجامدانی نەشتەرگەری كردنەوەی دڵ بۆ چاندنی لوولەكانی خوێن بۆ دڵ، بە شێوازە كلاسیكییەكە لە رێگەی برینێك لە نێوەڕاستی سینگ بە نزیكەی 10 سەنتیمەتر دەكرێت و ئێسكی كۆڵەی سینگ دەبڕدرێت تا پزیشكەكە دەگاتە دڵ و لوولەكانی، بێگومان ئەم رێگەیە بۆ نەخۆش زەحمەتی زیاترە چونكە نەخۆش دوای نەشتەرگەری برینێكی گەورەی لە نێوەڕاستی سینگی هەیە كە هەم ئازاری زۆرتر دەبێت و هەمیش چاكبوونەوەی كاتی زیاتر دەوێت و لە هەمانكاتدا شوێنی برینەكە بەجێ دەمێنێت، تەنانەت برینی گەورە مەترسیی هەوكردنیشی زیاترە، رێگە نوێیەكە كە لەنێو خەڵك بە (نازوور) ناسراوە لە راستیدا وای پێدەگوترێت چونكە برینەكە بچووكە نەك لەبەر ئەوەی بە ئامێری نازوور ئەنجامدەدرێت، لەم رێگەیە نوێیە بۆ چاندنی لوولەكانی خوێن بۆ دڵ پزیشك لەجیاتی ئەوەی برینێكی 10 سەنتیمەتری لە نێوەڕاستی سینگ بكات، هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی برینێكی زۆر بچووك كە نزیكەی 5 سەنتیمەترە لە تەنیشتی سینگی.
د. دەرباز خۆشكانی، سوودەكانی نەشتەرگەری كرانەوەی سینگ، بە شێوەیەكی سەردمیانە ئاشكرا دەكات و دەڵێت” پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەری دڵ، بەگوێرەی تەمەنت، چەند پشكنینێك و دۆخی تەندروستی دڵت بڕیار دەدات بە كام شێوە نەشتەرگەییەكەت بۆ بكات، خۆشبەختانە هەرێمی كوردستان و پزیشكانی كوردیش لەم تەكنەلۆژیایە و نەشتەرگەرییە نوێیانەی دڵ بێبەش نین و ئێستا لە كوردستانیش ئەم نەشتەرگەرییە ئەنجام دەدرێت و زۆربەی نەخۆشەكانیش بە ئەنجامی زۆر باش و برینێكی زۆر بچووك رەوانەی ماڵەوە دەكرێن، هەر بۆیەش ئەم نەشتەرگەرییە نوێ و سەردمیانە چەند سوودێكیشی هەیە لەوانە برینێكی بچووكتر وا دەكات نەخۆش كەمتر تووشی ئازار ببێت دوای نەشتەرگەری، یان هەر ئازاری نەبێت، چونكە هیچ ئێسكێكی سینگ نابڕدرێت بە بەراورد بە رێگە كلاسیكییەكە، برینی بچووكتر واتە زوو چاكبوونەوەی نەخۆش و كەمتر مانەوەی لە نەخۆشخانە، هەروەها مەترسیی تووشبوون بە هەوكردن كەمتر دەبێت و لەڕووی جوانكارییەوە برینێكی زۆر بچووكە كە شوێنەوارێكی ناشرین لە جەستەی نەخۆش بەجێ ناهێڵێت، زۆربەی ئەو نەخۆشانەی نەشتەرگەری دڵ بە رێگە نوێیەكە دەكەن دوای 2 بۆ 5 رۆژ لە نەخۆشخانە رەوانەی ماڵەوە دەكرێن و بەگشتیش نزیكەی 2-4 هەفتەی دەوێت تاكو بەتەواوی چاكدەبێتەوە.