شەهلا رەشید- سۆران:
چەندین جار لە پزیشكانی پێست بیستووتانە كە پێویستە دژەخۆر بەكاربهێنن بۆ پاراستنی پێستی روخسارتان لە وەرزی هاوین، بۆ ئەوەی پێستان پارێزراو بێت لە تیشكی خۆر، ئەمەش بۆ ئەو كەسانەیە كە گرنگی پێستیان پشتگوێ خستووە تایبەت لە وەرزی گەرمادا.
د. رزگار عزەت خان، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی پێست و جوانكاری، بە زاری كرمانجی راگەیاند” پێویستە دژە خۆر لە وەرزی هاوین بەردەوام لە پێستی روخسار بدرێت، چ لە ماڵەوە بن یاخود لە دەرەوە، ئەگەر لە ماڵەوە بن دەبێ دوو كاتژمێر جارێك و لە دەرەوەش سێ كاتژمێر جارێك بەكار بهێندرێت، هەر دژە خۆرێكیش بەكاربهێنن كێشە نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی پێست هەستیارە و جیاوازی هەیە لەنێوانیان، واتە پێستی چەور، وشك و ناوەندمان هەیە، بۆیە وا باشترە لە رێگەی پزیشكی پسپۆڕەوە بێت و كوالێتی باش بێت.
ئەم پزیشكە ئاشكراشی كرد” لە وەرزی هاوین پێست زیاتر پێویستی بە پارێزگاری كردن هەیە،هەروەها لەم وەرزەدا وا باشترە بە ئاوی گەرم نەشۆردرێت و رۆژانە دووجار بە ئاوی سارد بشۆرێت، هەروەها بەشێوەیەكی زۆر سادەش سابوون بەكاربهێندرێت، دوای هەر شووشتنێكیش پێویستە كرێمی شێدار لە روخسار بدرێت.