ئەمڕۆ لە دادگای هەولێر، دانیشتنی دادگا بۆ تاوانبارانی دۆسیەی شەهید هاوكار جاف بەڕێوە چوو، لە دادگاییەكەدا بڕیاری لە سێدارەدان بۆ بكوژەكان دەرچوو.
دادگا بە غیابی سزای لە سێدارەدانی بۆ وەهاب هەڵەبجەیی و هەشت كەسی تر، بەتاوانی شەهیدكردنی عەقید هاوكار جاف دەركرد.
دوای بڕیارەكەی دادگا، بنەماڵەی هاوكار جاف پەیامێكیان بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ لەسەر بڕیاری دادگای كەتنی هەولێر، لەبارەی كەیسی شەهیدكردنی ئەندامی بنەماڵەكەمان شەهید عەقید هاوكار جاف كە لە ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو تیرۆر كرا، ئەو تۆمەتبارانەی لای خوارەوە بە غیابی حوكمی لە سێدارەدانیان بۆ دەرچوو ئەوانەن:
– وەهاب مەجید باقی
– كارزان محەمەد رەشید
– وریا خالید عەلی
– عاسی روشید حوسێن
– عەمار فەیسەڵ
– لوئەی محەمەد رەزا
– پۆڵا ناسراوه بە (تایگەر)
– لەشكر محەمەد حەسەن
-دڵشاد زیاد ئەحمەد
یەكێك لەو رووداوە مەترسیدارانەی كە لە ساڵی 2022 رووی دا و لای رای گشتی وەك تاوانێكی مەترسیدار دەبینرێ، تیرۆری عەقید هاوكار جاف ئەفسەری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانە كە دوای تیرۆرەكە، ئاشكرابوو بە پیلانگێڕیی تاقمێكی ناو دژەتیرۆری یەكێتی ئەو كارە كراوە.
ئێستە بكوژەكان دیارن و بەڵگەی تەواو هەیە لەسەر ئەنجامدانی ئەو تاوانە، ئەوەیش وایكردووە ئەوانەی ئەو بكوژانەیان داڵدە داوە، تووشی شۆك بن، هەوڵ دەدەن بابەتەكە پەردەپۆش بكەن، بەڵام رای گشتی دروست بووە و هیچ ڕێیەك نەماوە جگە لە رادەستكردنی تاوانباران نەبێت.